شۆرای هاواهنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران نیگەرانیی قووڵی خۆی لە ئەگەری جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ بەندکراوانی سیاسی دەربڕی.
ئەم شۆرایە لە بەیاننامەیەکدا بە توندی سەرکۆنەی پەرەپێدانی کەشی ترس، تۆقاندن و سەرکوتی کرد، بەتایبەتی لە دوای شەڕی ئەم دواییە و داوای لە سەرجەم دژبەرانی سێدارە کرد بۆ ڕاگرتن و هەڵوەشاندنەوەی سزای مەرگ یەکدەنگ بن.
ئەم بەیاننامەیەی شۆرای مامۆستایان لە کاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە دیوانی باڵای وڵات لە پرۆسەیەکی یاسایی زۆر خێرا و نائاساییدا، سزای لەسێدارەدانی بۆ چەند بەندکراوێکی سیاسی لە بەندیخانەی شەیبانی ئەهواز پشتڕاست کردووەتەوە.
چالاکوانانی مافی مرۆڤیش جەخت دەکەنەوە کە دەسەڵاتداران بە تۆمەتبارکردنی ناڕەزایەتییە نێوخۆییەکان و بەستنەوەیان بە دەرەوە، دەیانەوێت پاساو بۆ توندترکردنی ئەم کەشە ئەمنییەتییە بهێننەوە.
ئەم شەپۆلە نوێیەی سەرکوت و تۆقاندنە لە کاتێکدایە کە لە کۆتایی ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا زیاتر لە ٤٠ بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەکانی ئێراندا لە سێدارە دراون و بۆ دەیانی دیکەش سزای هاوشێوە دەرکراوە، ئەمەش نیگەرانییەکان لەسەر چارەنووسی بەندکراوانی سیاسیی لە ئێراندا گەیاندووەتە بەرزترین ئاست.