نرخی نان لە پارێزگا جیاجیاکانی ئێران ڕووبەڕووی بازدانێکی بێوێنە بووەتەوە و هەندێک جۆری نان نزیکەی ١٠٠ لەسەد گران بووە؛ بە شێوەیەک کە نرخی نانی لەواش لە هەزار تمەنەوە بۆ هەزار و ٩٠٠ تمەن و سەنگەکی بۆ ٨ هەزار و ٥٠٠ تمەن بەرز بووەتەوە.
ئەم گرانییە لە کاتێکدایە کە ناوەندی ئاماری ئێران ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانەی بە ٨٣.٩ لەسەد ڕاگەیاندووە، بەڵام شارەزایان پێیان وایە هەڵاوسانی ڕاستەقینە لە نێو کۆمەڵگەدا لانیکەم ١١٠ لەسەدی تێپەڕاندووە.
بەرپرسانی خانەی کرێکاران هۆشداری دەدەن کە ئەم گۆڕانکارییە ناڕەزایەتی و نیگەرانیی قووڵی لەلایەن کرێکاران و خانەنشینانەوە لێکەوتووەتەوە، بەتایبەت کە بەڵێنەکانی بەرپرسانی ڕێژیم بۆ زیادکردنی مووچەی خانەنشینان لە ساڵی نوێدا بەهۆی نەبوونی بودجەوە جێبەجێ نەکراوە.
هاوکات لەگەڵ گرانیی نان، نرخی پێداویستییە سەرەکییەکانی دیکەی وەک ڕۆن ٣٥٠ لەسەد، هێلکە ٣٤٠ لەسەد و مریشک ٣٠٠ لەسەد بەرز بووەتەوە، ئەمەش مەترسیی بچووکبوونەوەی زیاتری سەبەتەی خۆراکی چینە کەمدەرامەتەکانی وڵاتەکەی پەرە پێ داوە.