کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: کوژرانی هێزەکانمان واتە کۆتایهاتنی ئاگربەست لەگەڵ ئێران

11:11 - 14 جۆزەردان 2726

ڕۆژنامەی "وال ستریت ژوورناڵ" لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا بە شێوەیەکی تایبەت بە ڕاوێژکار و یاریدەدەرانی خۆی ڕاگەیاندووە، لە ئەگەری کوژرانی هەر هێزێکی ئەمریکایی لەلایەن ئێرانەوە، پێداچوونەوە بە ئاگربەستی نێوان هەردوو وڵاتدا دەکات و ئەگەری هەیە هەڵیوەشێنێتەوە.

"ڕۆیتێرز" وێڕای بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە ئاماژەی بەوە کردووە کە نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ دروستیی ئەم لێدوانانە پشتڕاست بکاتەوە.

ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە کە واشنگتۆن و تاران چەندین جار یەکتریان بە پێشێلکردنی ئاگربەستەکە و ئەنجامدانی هێرش دژی یەکتر تۆمەتبار کردووە؛ بەڵام لە هەمان کاتدا ترامپ جەختی کردووەتەوە دەوڵەتەکەی لە دانوستانەکاندا لەگەڵ ئێران بەرەو پێش دەچێت و گفتوگۆکان بە باشی بەڕێوە دەچن.

سەرۆککۆماری ئەمریکا لە هاوکات، پێکدادانەکانی دوو شەوی ڕابردووی دەوروبەری کەنداوی بە کەم‌بایەخ و وەک تایبەتمەندییەکی ئەم ناوچەیەی جیهان ناوبردبوو.