کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترسی ئەمنییەتی لە تاران: سەرکردەکانی ڕێژیم ناوێرن لە ڕێوڕەسمەکانی خۆیاندا دەربکەون

11:13 - 14 جۆزەردان 2726

سی‌وحەوتەمین ساڵیادی کۆچی دوایی خومەینی، دامەزرێنەری ڕێژیمی ئیسلامی، لە کاتێکدا لە تاران بەڕێوەچوو کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەم دەسەڵاتەدا، هیچکام لە کاربەدەستانی باڵای سیاسی و سەربازی و تەنانەت حەسەن خومەینی، نەوەی بنیاتنەری ئەو ڕێژیمە لە ترسی لێکەوتە ئەمنییەتییەکان لەو ڕێوڕەسمەدا بەشدار نەبوون.

بەشدارنەبوونی بەکۆمەڵی سەرکردەکانی ڕێژیم، پەردە لەسەر پارادۆکس و دووڕووییەکی قووڵی ئەمنییەتی لادەبات؛ کۆماری ئیسلامی لە لایەکەوە بە دابەشکردنی پارە و بەکارهێنانی ئامرازی جۆراوجۆر، هەوڵێکی زۆری دا تا ژمارەیەک لە هاووڵاتییان لە کوردستان و ناوچە جیاجیاکانی ئێرانەوە بهێنێتە سەر شەقامەکان، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی نمایشێکی میدیاییەوە، دۆخی وڵات ئاسایی و بە ئەمنییەتی جێگیرەوە نیشان بدات.

بەڵام لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسانی خودی ڕێژیم لە ترس و لەبەر نەبوونی ئەمنییەت ناوێرن تەنانەت لە ڕێوڕەسمە حکوومەتییەکانی خۆیان بەشدار بن و خۆیان حەشار داوە.

ئەم خۆشاردنەوەی سەرکردەکانی ڕێژیم لەناو حەشارگە ئەمنییەتییەکان، هاوکات لەگەڵ هێنانی خەڵکی بەکرێگیراو بۆ سەر شەقامەکان، بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر لێکترازانی قووڵی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگە و نەبوونی متمانەی ئەمنییەتی تەنانەت لە نێو ناوەندە نێوخۆییەکانی خودی ڕێژیمدا.