کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چڕکردنەوەی گوشارە ئەمنییەتییەکان دژی مامۆستایان لە کرماشان

11:17 - 14 جۆزەردان 2726

شۆرای هاواهنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی کرماشان ڕایگەیاند کە لە ماوەی حەفتە و مانگەکانی ڕابردوودا، شەپۆلێکی نوێی گوشارە ئەمنییەتییەکان و ڕێوشوێنە سنووردارکەرەکان دژی چالاکوانانی پیشەیی مامۆستایان لە پارێزگای کرماشان دەستی پێکردووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەم گوشارانە بریتی بوون لە هەڵکوتانە سەر ماڵی ژمارەیەک لە چالاکوانانی پیشەیی، زەوتکردنی مۆبایل و کەلوپەلی کەسی و دروستکردنی ئاستەنگی پەیوەندی. لە نوێترین هەنگاویشدا، هێڵەکانی پەیوەندی و سیمکارتی چەندین مامۆستای چالاک لەلایەن دەزگا ئەمنییەتییەکانەوە مسۆگەر و داخران.

لە نێو ئەو مامۆستا و چالاکوانانەی کە لەم مانگانەی دواییدا کەوتوونەتە ژێر ئەم گوشارە ئەمنییانەوە، ناوی سودابە حەقگۆ، سورەیا ئەژەنگی، فەریدە قارەمانی، ئەنۆشیروان بڕیموەندی، عەلی سادقی، مەنۆچەهر ئاغابەیگی، ئیبراهیم خودادادی و خان‌عەزیز ئیسماعیلی هاتووە.

شۆرای هاواهەنگیی مامۆستایان وێڕای مەحکوومکردنی توندی ئەم هێرش و سنووردارکردنانە، داوای دەستبەجێ ڕاگرتنی دۆسییەسازییە ئەمنییەکان، گەڕاندنەوەی کەلوپەلە زەوتکراوەکان و ڕێزگرتن لە مافە یاسایی و مەدەنییەکانی مامۆستایان دەکات.