ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ڕاپۆرتێکی نهێنیدا، کە بەشێک لە ناوەڕۆکەکەی لەلایەن هەواڵدەرییەکانی فەرانسە و ڕۆیتێرزەوە ئاشکرا کراوە، داوا لە ئێران دەکات بەپەلە چارەنووسی پاشەکەوتی ئۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی ڕابگەیەنێت، کە دوای بۆردومانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی لە شەڕی ١٢ ڕۆژەدا چارەنووسیان نادیارە.
ئاژانسی وزە لەو ڕاپۆرتەدا کە بۆ وڵاتانی ئەندام نێردراوە، جەختی لەوە کردووەتەوە کە نەبوونی دەستپێڕاگەیشتن بۆ پشکینین و پشتڕاستکردنەوەی ماددە ئەتۆمییەکان لە ئێران، نیگەرانیی بڵاوبوونەوەی تیشکی ئەتۆمی دروست کردووە.
هاوکات داوای لە کۆماری ئیسلامی کردووە کە هاوکاری ئاژانس بکات.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە کاتی هەڵگیرسانی شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا لە دژی ئێران لە جۆزەردانی ساڵی ڕابردووەوە دەستپێڕاگەیشتنی بۆ بەشێک لە ناوەندە سەرەکییە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە نەماوە.