کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی دڕۆنی بۆ سەر بەندەری "ئەلفەحل"ی عومان

09:49 - 15 جۆزەردان 2726

هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" ڕایگەیاند کە پاش هێرشێکی گوماناوی بە دڕۆن و ڕوودانی تەقینەوەیەک لە وێستگەی "مینا ئەلفەحل"ی عومان، پرۆسەی بارکردنی نەوتی خاو بۆ ماوەیەک ڕاگیرا و "بلومبێرگ" باسی لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی خاو لەو وێستگەیە و ئاساییبوونەوەی دۆخەکەی کرد.

ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە چوار ڕۆژ لەمەوبەر، "واڵ ستریت ژۆرناڵ" بڵاوی کردەوە کە دۆناڵد ترامپ سیاسەتی بێلایەنانەی عومانی بەرامبەر بە ئێران وەک ڕەفتارێکی ناهاوتەریب لەقەڵەم داوە و واشنگتۆن گوشاری خستووەتە سەر مەسقەت تا پێوەندییەکانی لەگەڵ تاراندا ببڕێت.

عومان هەمیشە سیاسەتی "بێلایەنیی چالاک" و نێوبژیوانی پەیڕەو کردووە و لە کاتی پێوەندیی ئەمنییەتی لەگەڵ ئەمریکادا، کەناڵە دیپلۆماسییەکانیشی لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا هێشتووەتەوە.

کۆماری ئیسلامی هێشتا هیچ کاردانەوەیەکی بەرامبەر بەم هێرشە دڕۆنییە نیشان نەداوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە تەنیا ڕۆژێک پێش ئەم ڕووداوە، سپای پاسداران هێرشی مووشەکی و دڕۆنیی کردبووە سەر وڵاتانی کوەیت و بەحرەین.

بەرپرسانی عومانی تا ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی لێدوانیان لەسەر هۆکاری ڕووداوەکە نەداوە و هیچ وردەکارییەکی زیاتر بڵاو نەکراوەتەوە.