کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سکرتێری حیزبوڵڵا ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیلی ڕەت کردەوە

09:59 - 15 جۆزەردان 2726

نەعیم قاسم، سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان، ئەو ئاگربەستە مەرجدارەی ڕەت کردەوە کە لە نێوان نوێنەرانی ئیسرائیل و دەوڵەتی لوبناندا لەسەری ڕێککەوتبوون. ناوبراو داوای ئاگربەستێکی گشتگیر و کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئیسرائیل و هەڕەشەی بۆردومانکردنەوەی باکووری ئیسرائیلی کرد.

ئەم پەیامە پاش ئەوە بوو کە سەرۆککۆماری لوبنان، ڕێککەوتنەکەی وەک "دوایین دەرفەت" بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ ناوبرد.

حیزبوڵڵا لە کاتێکدا گفتوگۆکانی ڕەت کردووەتەوە کە ئاگربەستی پێشووی ڕێککەوتنی ئەمریکا چەندین جار پێشێل کراوە و ئەرتەشی ئیسرائیل لە قووڵایی خاکی لوبناندا جێگیر بووە.

نەعیم قاسم داوای لە دەوڵەتی لوبنان کرد کۆتایی بە "گفتوگۆی ڕاستەوخۆی سووکایەتی پێکراو" بهێنێت و هۆشداریی دا کە تا گوندەکانی ئەوان بۆردومان بکرێن، شارۆچکەکانی باکووری ئیسرائیلیش نائارام دەبن.

هاوکات، یێسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جەختی کردەوە کە ئەرتەشی ئەو وڵاتە لە تێکدانی ژێرخانی تێرۆریستان بەردەوام دەبێت و ڕێگە بە گەڕانەوەی دانیشتووانی باشووری لوبنان نادات.

ئەمریکا و ئیسرائیل  گرووپی حیزبوڵڵای سەر بە ڕێژیمی ئیسلامی ئێران بە تەواوی وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی دەناسن.