بڵاوبوونەوەی هەواڵی ڕاگرتن و ئەشکەنجەدانی دوو کچە منداڵی تەمەن ٧ و ١٥ ساڵ لە حەمام و ئاودەستی ماڵەکەیاندا لە گەڕەکی حاجیاوای سنە، شەپۆلێک لە نیگەرانی و کاردانەوەی توندی لێکەوتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی سێشەممە ١٢ی جۆزەردانی ١٤٠٥، جیرانییەکانی ئەو ماڵە دوای بیستنی دەنگی هاواری ئەم دوو منداڵە، هێزەکانی فریاکەوتنی کۆمەڵایەتی و پۆلیسیان ئاگادار کردووەتەوە. هێزەکان دوای چوونەژوورەوە بۆ نێو ماڵەکە، دوو کچەکەیان لە دۆخێکی دژەمرۆڤانەدا دۆزیوەتەوە کە شوێنەواری ئەشکەنجە، برینی قووڵ و شکاوی لەسەر سەر، دەموچاو و قاچیان هەبووە.
هەردوو منداڵەکە گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی کەوسەری سنە؛ یەکێکیان هێشتا لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە و ئەوی دیکەیان دوای دەرچوونی لە نەخۆشخانە، ڕادەستی ناوەندی چاودێریی بێ سەرپەرشتان (بێهزیستی) کراوە.
پەیوەست بەم دۆسییەیە، سەرۆکی دادگستریی پارێزگای سنە ڕایگەیاند کە باوکی ئەم دوو منداڵە کە فەرمانبەری دەزگای دادگوستەری و ئەندامی هێزەکانی بەسیجە بە تۆمەتی "منداڵئازاری" دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندان کراوە، هەروەها باوەژنەکەیان بە تۆمەتی هاوکاری لەم تاوانەدا بانگی دادسرا کراوە.