کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ڕێکخراوی منداڵپارێزیی نێرگز بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی منداڵانەوە

10:00 - 11 جۆزەردان 2726

ڕێکخراوی منداڵپارێزیی "نێرگز" بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی منداڵانەوە پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا وێڕای مەحکوومکردنی سیاسەتە دژەمرۆییەکانی کۆماری ئیسلامی، ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران بە سەپاندنی هەژاری، چەکدارکردنی منداڵان، دەستبەسەرکردن و دەرکردنی سزای سێدارە، داهاتووی نەوەی نوێی لە ئێران و بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووبەڕووی مەترسییەکی جیدی کردووەتەوە.

دەقی پەیامەکە بەەم چەشنەیە:

منداڵە چاوگەشەکانی کوردستان!

هاونیشتمانییانی بەڕێز!

ڕێکخراوی منداڵپارێزیی نێرگز بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی منداڵانەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم منداڵانی جیهان بەتایبەت منداڵانی کوردستان دەکات و ئاواتەخوازە جیهان ببێتە جێگای ژیانێکی ئارام و ئاسوودە بۆ گشت منداڵان.

ئەمڕۆ دووشەممە ١١ـی جۆزەردانی ١٤٠٥ـی هەتاوی، بەرامبەر بە ١ـی ژووەنی ٢٠٢٦ـی زایینی، بە "ڕۆژی جیهانیی منداڵان"  ناودێر کراوە. کۆمەڵەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی ١٩٥٠ی زایینی جاڕنامەی جیهانیی مافی منداڵانی پەسەند کرد و داوای لە دەوڵەتان کرد کە ئەم ڕۆژە وەک ڕۆژی جیهانیی منداڵان بەفەرمی بناسن.

لە کاتێکدا یادی ڕۆژی جیهانیی منداڵانی ئەمساڵ دەکەینەوە کە شەڕێکی ماڵوێرانکەر بەهۆی سیاسەتە هەڵە و دژی‌گەلییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەری هەڵداوە و لە ئاکامدا ژیانی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و کوردستانی سەخت و دژوار کردووە کە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ژیان و چارەنووسی ئێستا و داهاتووی منداڵان دەبێ.

مخابن ئەمڕۆ منداڵانی ئێران بەگشتی و منداڵانی کوردستان بەتایبەتی بەهۆی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە، کە نەک هەر مافە سەرەتایییەکانیان پێشێل دەکات، بەڵکوو بە سیاسەت و کردەوەکانی وەک: لەهەژاری‌داهێشتنەوەی کۆمەڵگە، چەکدارکردن و بەکارهێنانیان وەک قەڵغانی مرۆیی، دەستبەسەرکردن و سزای لەسێدارەدان، ژەهراویکردنی قوتابخانەکان و بەگشتی پشتگوێخستنی ژیان و گوزەران و باری پەروەردەیان، بووەتە هۆی ئەوەی منداڵان لە داهاتووی خۆیان بێ‌هیوا بن.

ڕێکخراوی منداڵپارێزیی نێرگز وێڕای دەڕبڕینی نیگەرانی لە دۆخی منداڵانی وڵات و مەحکوومکردنی سیاسەت و کردەوەکانی ڕێژیم بەرامبەر بە دنیای منداڵان، هیوای دەستەبەربوونی دۆخێکی لەبار و دڵخواز بەبێ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ منداڵانی ئێران و کوردستان دەخوازێت.

منداڵان بناغەی بینای داهاتووی هەر کۆمەڵگەیەکن و کۆمەڵگەی بەختەوەر و پێشکەوتوو، ئەو کۆمەڵگەیە کەوا لە گرینگیی ڕۆڵی ئەرێنیی منداڵان لە داهاتوو و گەشەی وڵاتەکەیاندا ئاگادارە و بواری بارهێنان و پەروەردەی سەردەمییانە و پێشکەوتووانەی بۆ دەڕەخسێنێت؛ کە بەداخەوە کۆماری ئیسلامی یەکێک لەو ڕێژیمانەیە ڕێک بەپێچەوانەوە دەجووڵێتەوە و منداڵانی نەک تەنیا لە مافی پەروەردەیەکی سەردەمییانە بێ‌بەش کردووە، بەڵکوو هەوڵی داوە و هەوڵیش دەدات زۆر زیاتر لە ڕۆحی سەردەم دووریان بکاتەوە و لە بێ‌مافیدا بیانهێڵێتەوە.

لە یادی ڕۆژی جیهانیی منداڵاندا، قەدەغەکردنی کاری منداڵان و دابینکردنی ژینگەیەکی ئەمن بۆ گەشەکردنیان، کۆتاییهێنان بە توندوتیژی، سزای جەستەیی، دەستبەسەرکردن و لەسێدارەدانی منداڵان، دابینکردنی ژیانێکی پڕ لە گەشە و خۆشگوزەرانی بۆ منداڵان بە ئاوات دەخوازین.

لەم ڕۆژەدا یادی هەموو ئەو منداڵانە دەکەینەوە کە بوونە قوربانیی شەڕ و ستەم، لە برینداربوون و شەهیدبوونیان لە بزووتنەوەی ژیناوە تا بەرکەوتنیان لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئەم دوایییانەدا.

خەباتی ئێمە بۆ ڕزگارکردنی منداڵان لەم چارەنووسە تاڵە، خەباتێکە بۆ داهاتوویەکی ڕووناک، هەر لەوە ڕووەوە وەک ڕێکخراوی منداڵپارێزیی نێرگز بانگهێشتی هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین بۆ یەکگرتوویی لە پێناو پاراستنی کەرامەت و ژیانی منداڵان، بە هیوای ڕۆژانێک کە هیچ منداڵێک ئاوارەیی، برسییەتی، شەڕ و بێ‌مافی ئەزموون نەکات.

 

ڕێکخراوی منداڵپارێزیی نێرگز

دەستەی بەڕێوەبەری

١١ی جۆزەردانی ١٤٠٥ـی هەتاوی

١ـی ژووەنی ٢٠٢٦ـی زایینی