وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، سزای نوێی بەسەر چەندین دامەزراوە، کەسایەتی و نەوتکێشی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا سەپاند کە لە بواری قاچاخ و فرۆشتنی گازی شلدا (LPG) چالاک بوون.
لە ماڵپەڕی ئەو وزارەتخانەیەدا هاتووە، ئەم تۆڕە مافیاییە بە بەکارهێنانی چەندین شیرکەت لە ئیمارات و چین، حسابە بانکییە بیانییەکان و ناوگانی سێبەر، سەدان ملیۆن دۆلار گازی شلی ئێرانی بە ناوی ساختەی ''گازی عومان'' بە وڵاتانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا فرۆشتووە تا ڕێژیمی ئێران لە گەمارۆکان دەرباز بکات.
لەم پێوەندییەدا ١٢ دامەزراوە لە دوورگەکانی مارشاڵ، ئیمارات و چین، لەگەڵ ٦ کەشتی و سەڕافیی "مێهرداد گەرمیاننیک" خراونەتە لیستی گەمارۆکانەوە کە سەدان میلیۆن دۆلاریان بۆ بانکە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم جێگۆڕکێ کردووە.
وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاند ئابووریی کۆماری ئیسلامی داڕماوە و لە ڕێگەی هەڵمەتی "تووڕەیی ئابووری"یەوە بەردەوام دەبن لە بڕینی سەرچاوە دارایییەکانی کۆماری ئیسلامی و پەکخستنی ناوگانی سێبەری ئەم ڕێژیمە.