فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام)، بەرەبەیانیی شەممە ١٦ی جۆزەردان ڕایگەیاند کە هێزەکانیان چوار دڕۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان خستووەتە خوارەوە کە بەرەو گەرووی هورمز هاوێژرابوون؛ چونکە ئەم دڕۆنانە هەڕەشەیەکی دەستبەجێ بۆ سەر هاتوچۆی دەریایی لە ناوچەکەدا بوون.
لە درێژەی پەیامەکەی سێنتکامدا هاتووە کە هێزەکانی ئەمریکا بۆ ڕێگریکردن لە هێرشی زیاتر، بنکەکانی ڕاداری چاودێریی کەناراوی ڕێژیمی ئێرانیان لە ناوچەی "گۆروک'' و "دوورگەی قێشم" کردووەتە ئامانج.
سێنتکام جەختی کردووەتەوە کە هێزەکانی ئەمریکا بۆ بەرگریکردن لە خۆیان لە ئامادەباشیی تەواودان و وڵامی هەرچەشنە دەستدرێژییەکی بێ پاساوی ڕێژیمی ئێران دەدەنەوە.
ئەم ئۆپەراسیۆنە لانیکەم چوارەمین هێرشی ڕاگەیەندراوی ئەمریکا لە چوارچێوەی "بەرگری لەخۆ" دژی ئامانجەکانی ڕێژیمی ئێران لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستەوەیە.
حەفتەی ڕابردووش، ئەمریکا لە وڵامی خستنەخوارەوەی دڕۆنێکی خۆیدا، چەند پێگەیەکی ڕێژیمی لە سیریکی هۆرمۆزگان و دوورگەی قێشم کردبووە ئامانج و سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانی و دوو دڕۆنی ئێرانیی لەنێو بردبوو.