فەرماندەیی ئەرتەشی ئەمریکا لە هێند و ئوقیانووسییە ڕایگەیاند کە هێزەکانیان لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە زەریای هێند، دەستیان بەسەر نەوتکێشی بێ ناسنامە و گەمارۆدراوی "ئێمتی داڤینا"دا گرتووە کە بە شێوەی نایاسایی هاوکاریی دارایی و ماڵی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کردووە.
فەرماندەیی ئەرتەشی ئەمریکا لەو ناوچەیە لە پەیامێکدا جەختی کردەوە کە لە جێبەجێکردنی یاسا دەریایییە نێودەوڵەتییەکان بۆ تێکشکاندنی تۆڕە نایاسایییەکان و ڕاگرتنی هەر کەشتییەک لە هەر شوێنێکی جیهاندا بێت کە هاوکاریی مادیی ڕێژیمی ئێران بکات بەردەوام دەبن.
شایانی باسە ئەمریکا لە کۆتایییەکانی مانگی خاکەلێوەوە گەمارۆی دەریایی دژی ڕێژیمی ئێران دەست پێ کردووە؛ لە بەرانبەریشدا هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ڕێگریکردن لە هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هۆرمۆز، تەقەیان لە چەندین کەشتیی بازرگانی کردووە.
لەم مانگانەی دواییدا هێزەکانی ئەمریکا چەندین کەشتیی بازرگانی و نەوتکێشیان لە زەریای هێنددا ڕاگرتووە و پشکنیویانن.
لەلایەکی دیکەوە سێنتکام ڕایگەیاند کە بەهۆی گەمارۆدانی دەریایی بەندەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە، تا ئێستا ١٢٩ کەشتیی بازرگانی ناچار بوون ڕێڕەوی گەشتە دەریایییەکانی خۆیان بگۆڕن.