کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵۆزیی نوێ لە کەنداو؛ هێرشی ئەمریکا بۆ سەر بنکە ڕادارییەکانی ئێران و کاردانەوەی ڕێژیم

10:33 - 16 جۆزەردان 2726

لە نوێترین پەرەسەندنی سەربازی لە ناوچەکەدا، هێزەکانی ئەمریکا ڕایانگەیاند کە پاش خستنەخوارەوەی چوار دڕۆنی کۆماری ئیسلامی لە گەرووی هۆرمۆز، بنکە ڕاداری و چاودێرییەکانی ئێرانیان لە "گورک" و "دوورگەی قشم" بۆردومان کردووە.

بەرپرسێکی ئەمریکا بە هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز"ی ڕاگەیاندووە کە چوار دڕۆنی ڕێژیمی ئێران خەریکی تێکدانی هاتوچۆی دەریایی و بازرگانیی ناوچەکە بوون، کە پاشان لەلایەن سێنتکام تێکشکێندراون و بنکەکانیان کراونەتە ئامانج.

لە کاردانەوەی ئەم هێرشانەدا، سپای تێرۆریستیی پاسداران ڕایگەیاند کە بە مووشەک هێرشی کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و تەقەی لە چوار نەوتکێش کردووە کە ویستوویانە بەبێ مۆڵەت لە گەرووی هۆرمۆز تێپەڕن.

میدیا فەرمییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی کوەیت، چەندین مووشەک و دڕۆنی نادیاری لە ئاسماندا تێکشکاندووە و لە بەحرەینیش زەنگی مەترسی لێدراوە و داوا لە دانیشتووان کراوە بچنە پەناگەکانەوە.

ڕێژیمی ئێران دەڵێت بە مووشەکی بالستیک هێرشی کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لەم دوو وڵاتە، بەڵام ئەرتەشی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە شەش مووشەکی تێکشکاندووە و مووشەکی حەوتەمیش نەگەیشتووەتە ئامانجەکەی.