کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مای ساتۆ: لە ڕێککەوتننامەی ئەمریکا و ئێراندا مافی خەڵکی ئێران پشتگوێ خراوە

08:42 - 10 پووشپەڕ 2726

مای ساتۆ ڕیپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران، لە وتووێژێکدا نیگەرانیی خۆی لەمەڕ لە بەرچاونەگرتنی مافی خەڵکی ئێران لە ڕێککەوتننامەی نێوان ئەمریکا و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەربڕی.

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٠ی پووشپەڕ، مای ساتۆ لە وتووێژێکدا لەگەڵ جێنیڤا سۆلۆشنێزدا ڕایگەیاند: "لەو ڕێککەوتننامەیەدا، خەڵکی ئێران هیچ جێگەوپێگەیەکیان نییە و وەها ڕێککەوتنێک تەنیا لە خزمەتی بەرژەوەندیی ژێئۆپپۆلێتیکیدایە و مافی خەڵک لە بەرچاو نەگیراوە".

ساتۆ بە ئاماژەدان بە شەڕی ئەم دواییانەی ئەمریکا ئیسرائیل و ڕێژیمی تاران ڕایگەیاند لەو شەڕەدا هەزاران کەس لە خەڵکی ئاسایی کوژران و بە میلیۆنان کەسیش ئاوارە بوون.

ناوبراو زیادیشی کرد کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی پێش لە شەڕ و دوای شەڕ و لە ئێستای ئاگربەسیشدا، لە سەرکوتی خەڵکی ناڕازیی ئێران بەردەوامە.

هەروەها ڕیپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران باسی لەوەش کرد کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەزاران کەسی دەسبەسەر، ئەشكەنجە کردوون و لە سێدارەی داون.