کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیویۆرک پۆست: تا مەرجەکانی ئەمریکا جێبەجێ نەکرێن، ٦ میلیارد دۆلارەکەی ئێران ئازاد ناکرێت

09:40 - 10 پووشپەڕ 2726

ڕۆژنامەی "نیویۆرک پۆست" بڵاوی کردەوە، واشنگتۆن ڕێگریی کردووە لە ئازادکردنی ٦ میلیارد دۆلار داراییە بلۆکەکراوەکەی ڕێژیمی ئێران، کە بڕیار بوو بەپێی لێکتێگەیشتنی نێوانیان بۆ کڕینی کاڵای مرۆیی تەرخان بکرێت.

بەرپرسێکی دەوڵەتی ئەمریکا ڕایگەیاند: "هیچ پارەیەک ئازاد نەکراوە و ناکرێت، مەگەر ئەوەی تاران تەواوی مەرجەکانی ناو لێکتێگەیشتنەکە جێبەجێ بکات؛ هیچ شتێک بە خۆڕایی نادرێت و هەموو شتێک بەندە بە پێوەرەکانەوە."

بەرپرسانی ئەمریکا داواکاریی ئێرانیان بۆ وەرگرتنی یەکجاریی پارەکە ڕەت کردووەتەوە و بڕیارە لە داهاتوودا هەر پارەدانێک بە شێوازی قۆناغ بە قۆناغ و ڕاستەوخۆ بۆ فرۆشیارانی کاڵا مرۆییەکان و ئەویش بە مەرجی پێشڕەویی تاران لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیدا بێت.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە پێشتریش وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر بەفەرمی زانیارییەکانی ئازادکردنی داراییەکانی تارانی ڕەت کردبووەوە و ڕایگەیاند کە ٦ میلیارد دۆلار لە سەرمایە بلۆکەکراوەکانی ڕێژیمی ئێران نەگوێزراوەتەوە بۆ ئەو وڵاتە و ئەم پارەیە هێشتا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ساڵی ٢٠٢٣دایە و تەنیا بۆ کڕینی کاڵای مرۆیی بەکار دێت.