کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی دوو فەرماندەی دیکەی حەماس لەلایەن ئیسرائیلەوە

13:09 - 14 پووشپەڕ 2726

ئەرتەشی ئیسرائیل لە نوێترین هەوڵەکانی بۆ لەنێوبردنی هێزە تێرۆریستییەکانی حەماس و حیزبوڵڵا، کوژرانی دوو فەرماندەی دیکەی حەماسی لە غەززە ڕاگەیاند.

ڕۆژی شەممە ١٣ی پووشپەڕ، ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لە باکووری غەززە، ئۆپەراسیۆنێکیان بەڕێوە بردووە کە محەممەد نەجیب عاشوور فەرماندەیەکی یەکەی نوخبە سەر بە باڵە سەربازییەکانی حەماسی تێیدا کوژراوە.

هەروەها لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی ئەرتەشی ئیسرائیل لە باشووری غەززە، تامر سەعید ئەبوو نەحلی، سەرۆکی یەکەی عەمەڵیاتیی ئەو گرووپەی کردە ئامانج و لەنێوی برد.

بەپێی زانیارییەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل، ئەو دوو فەرماندەیەی حەماس لە بەرەپێشبردنی گەڵاڵە تێرۆریستییەکان دژی ئیسرائیل و خەڵکی ئاساییدا ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوی ئەرتەشی ئیسرائیلدا پێداگری لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە هێزەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل لەژێر فەرماندەیی باشووردا، بەپێی ڕێککەوتننامە لەو ناوچەیەی غەززەدا جێگیرن و چالاکییەکانیان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک درێژەی هەیە.

لە ماوەی دە ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە ١٠ فەرماندەی سەربازیی حەماس یەکێک لەوانەش وەلید هەنییە برازای ئیسماعیل هەنییە لەلایەن ئەرتەشی ئیسرائیلەوە کوژراون.