بەپێی زانیارییەکانی کۆمپانیاکانی چاوەدێریکردنی جووڵەی نەوتکێشەکان، لە ئێستادا نزیکەی ٥٨ بۆ ٦٨ میلیۆن بەرمیل نەوتی ئێران لە ئاوەکانی ئاسیادا سەرگەردانن و بەبێ هەبوونی کڕیارێکی دیاریکراو لە حاڵەتی وەستان یان جووڵەدان.
هەواڵدەریی "بلومبێرگ" لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە کە ٩٠٪ی کۆگاکانی نەوتی سەرئاوی ئێران نە کڕیارێکی تایبەتیان هەیە و نە نەوتکێشەکانیش شوێنێکی مەبەستی دیاریکراویان هەیە.
ئەم دۆخەش لە کاتێکدایە کە چین، وەک تاقە کڕیاری نەوتی کۆماری ئیسلامی لە سەردەمی گەمارۆکاندا، ئاستی هاوردەکردنی ڕۆژانەی نەوتی لە ئێرانەوە لە مانگی ڕابردوودا بۆ ٦٥٠ هەزار بەرمیل کەم کردووەتەوە؛ ئەم ژمارەیەش نیوەی مانگی مەی و یەک لەسەر سێی مانگی مارسە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات کە پاڵاوگە حکوومەتییەکانی چین لە ئێستادا خۆیان لە کڕینی نەوتی ئێران بەدوور دەگرن، چونکە لانیکەم تا کۆتایی مانگی حەوتی زاینی نەوتی خاوی پێویستی خۆیان دابین کردووە و لەلایەکی دیکەشەوە، چاوەڕوانی ڕوونکردنەوەی زیاتری واشنگتۆنن سەبارەت بە چۆنیەتیی گواستنەوەی دراوە بیانییەکان و پارەدانەکان لەم ماوەیەی لێخۆشبوونە دوو مانگییەدا.