کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واڵ ستریت ژۆرناڵ: پڕبوونی بازاڕی نەوت، کارتی گوشاری تاران لە دانوستانەکاندا لاواز دەکات

08:40 - 15 پووشپەڕ 2726

ڕۆژنامەی "واڵ ستریت ژۆرنال" ڕایگەیاند گەڕانەوەی خێرای بازاڕی نەوت بۆ دۆخی پێش شەڕ و زیادبوونی خستنەڕوو لە لایەن وڵاتانی کەنداوەوە، توانای کۆماری ئیسلامی بۆ بەکارهێنانی گەرووی هۆرمۆز وەک کارتی گوشار لە دانوستانەکانیدا لەگەڵ ئەمریکا تێک دەشکێنێت.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هەرچەندە نرخی نەوت بۆ ئاستی پێش شەڕ گەڕاوەتەوە و هاتوچۆی نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هۆرمۆز بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت، بەڵام پڕکردنەوەی کۆگا نەوتییەکانی جیهان کاتێکی زۆری دەوێت؛ بابەتێک کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر هاوسەنگیی هێز لە نێوان تاران و واشنگتۆندا هەیە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە لێدوانەکانی جەی‌دی ڤانس، جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا دەکات کە ڕایگەیاندبوو واژۆکردنی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئێران دەرفەتێکە بۆ جیهان تا بەشێک لە کۆگا نەوتییەکانی پڕ بکاتەوە.

لەم چوارچێوەیەدا، وڵاتانی کەنداو بە خێرایی بەرهەمهێنانیان زیاد کردووە؛ ئیمارات لە ڕێگەی خەتی لووولەی فۆجەیرەوە هەناردەکەی بەرز کردووەتەوە و کوەیتیش گەیشتووەتە ١.٦ میلیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

واڵ ستریت ژۆرناڵ دەڵێت، ئەم گۆڕانکارییانە لە ماوەی تەنیا چوار مانگدا دوای داخرانی گەرووەکە، پێگەی تارانی لە دانوستانە ئەتۆمی و ناوچەیییەکاندا بەرانبەر واشنگتۆن لاواز کردووە، چونکە چیتر هەڕەشەی دەریایی ئێران ناتوانێت شۆک بۆ سەر ئابووریی جیهان دروست بکات.