کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چڕکردنەوەی گوشارەکان لەسەر کەمینە ئایینییەکان و بەردەوامیی گرتنی چالاکوانان

08:43 - 15 پووشپەڕ 2726

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ڕایانگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران گوشارەکانی بۆ سەر کەمینە ئایینییەکان و دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکان چڕتر کردووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کانوونی مافی مرۆڤی ئێران، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی "محەممەد ڕەفیع ڕوودینی"، چالاکی ئایینیی ٢٦ ساڵەی سوننە لە شاری سەرەخس و دەسبەسەریان کردووە.

هاوکات، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی کردەوە کە "نیما شیری"، یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ڕابردوو لە پارێزگای خوراسانی باکوور، لەلایەن دەزگای بەناو دادی ڕێژیم سزای ساڵێک زیندان، ساڵێک دوورخستنەوە بۆ زاهێدان و ٧٤ قامچی بەسەردا سەپێنراوە.

لەلایەکی دیکەوە، "دادبان" ڕایگەیاندووە کە هاووڵاتییەکی تەمەن ٤٣ ساڵ بە ناوی "شەهاب مۆشاری" لە تاران دەسبەسەر کراوە و کەلوپەلە ئێلێکترۆنییەکانی لەگەڵ پاسپۆرتەکەیدا دەستی بەسەردا گیراوە.

هەروەها دۆخی تەندروستیی زیندانیی سیاسی "ئێحسان مۆشکسار" لە بەندیخانەی عادڵ‌ئابادی شیراز بەهۆی نەخۆشیی گەدەوە بەرەو خراپی چووە و لە مافی ئازادی بە پێبەندی ئێلێکترۆنی بێبەش کراوە.

لە هەمان کاتدا، لیژنەی پێداچوونەوەی زانکۆی خاجەنەسیری تاران، سزای بێبەشکردنی سێ خوێندکاری لە خوێندن بۆ ماوەی دوو وەرز، بەهۆی چالاکییە خوێندکارییەکانیانەوە پەسند کردووە.