دادگای باڵای تاوانەکانی بەحرەین دەستی بە دادگاییکردنی ١٩ کەس کرد کە تۆمەتبارن بە پێکهێنانی گروپێکی سەر بە سپای تێرۆریستیی پاسداران و بڕیاری دا دانیشتنی داهاتووی دادگا بۆ ١٢ی ژوئیەی ٢٠٢٦ دوا بخات.
بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرۆکی داواکاری گشتیی تاوانەکانی تێرۆر لە بەحرەین، لەم دۆسیەیەدا ١٩ کەس لەژێر ڕاوەدوونانی یاساییدان کە ١١ کەسیان دەسبەسەرکراون و ٨ کەسی دیکەشیان هەڵاتوون.
لێکۆڵینەوەکانی داواکاری گشتی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئامانجی ئەم گرووپە پەکخستنی دەستوور، تێکدانی یەکڕیزیی نیشتمانی، گۆڕینی ڕێژیمی حوکمرانی لە ڕێگەی زەبروزەنگەوە و پەرەپێدانی بیرۆکەی "ویلایەتی فەقێ" وەک درێژکراوەیەک بۆ ڕێژیمی ئێران بووە.
داواکاری گشتی جەختی کردەوە کە ئەندامانی ئەم گرووپە پارەیان بۆ چالاکییەکانیان کۆ کردووەتەوە و بۆ ئەنجامدانی کاری تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕی، پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئێران و سپای پاسداران هەبووە.
هەروەها ڕایگەیاند کە لە کاتی پشکنینی ماڵەکانیاندا، دەست بەسەر بڕێکی زۆر پارەی نەخت، کتێب و بەڵگەنامەی گرێدراو بە چالاکییەکانی ئەم گرووپەدا گیراوە.