باڵیۆزی ڕێژیمی ئێران لە چین ڕایگەیاند کە ئەو کەشتییانەی لە گەرووی هۆرمۆزەوە تێدەپەڕن، بەپێی ڕێوشوێنە نوێیەکان ناچار دەکرێن تێچوو و باج بدەن، هەرچەندە بۆ چین و وڵاتانی دۆستی دیکە، ڕەچاوکردنی تایبەت دەبێت.
عەبدولڕەزا ڕەحمانی فەزڵی لە کۆڕبەندی جیهانیی ئاشتی لە پێکەن ڕایگەیاند کە ئێران بە هاوکاریی عومان سەرقاڵی دارشتنی مێکانیزمە نوێیەکان بۆ بەڕێوەبردنی ئەم ڕێڕەوە ئاوییە ستراتێژییەیە.
بە وتەی ناوبراو، ئەم ڕێوشوێنانە دابینکردنی ئەمنییەتی هاتوچۆی کەشتییەکان، چاوەدێریکردنی جووڵە دەریاییەکان و بەڕێوەبردنی لێکەوتە ژینگەییەکان دەگرێتەوە.
ڕەحمانی فەزڵی باسی لەوەش کرد کە ئەم گەرووە لە دوای شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێرانەوە بووەتە بابەتێکی ئەمنییەتی و ڕێوشوێنە نوێیەکانیش بە بەشداریی عومان جێبەجێ دەکرێن.
ئەو لێدوانانە لەکاتێکدایە کە دۆناڵد ترامپ تا ئێستا چەندین جار جەختی کردووەتەوە کە ڕێگە نادات کۆماری ئیسلامی لەو ڕێڕەوە ئاوییە ستراتێژییەدا باج و سەرانە لە کەشتییە بازرگانییەکان بستێنێت.