هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" ڕایگەیاند ئەگەری زۆرە سندووقی ٣٠٠ میلیارد دۆلاری بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئێران، کە تەوەرێکی سەرەکیی ئاگربەستی مانگی ڕابردووی نێوان واشنگتۆن و تاران بوو، هەرگیز جێبەجێ نەکرێت؛ ئەمەش هاوشێوەی ئەو بەڵێنانەیە کە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی بەرجام بە تاران درابوون بەڵام نەهاتنە دی.
هەرچەندە ئێستا ڕاگەیەندراوە کە ١٥٠ میلیار دۆلارد بەڵێنی سەرەتایی لەلایەن شیرکەتەکانی ئاسیا و ئەمریکاوە کۆ کراوەتەوە، بەڵام ناسنامەی وەبەرهێنەرەکان نادیارە و سەرۆکوەزیرانی قەتەریش ئەم ژمارەیەی تەنیا وەک ئامانجێکی خەیاڵی وەسف کردووە.
سەرەڕای بەڵێنی ئەمریکا بۆ هەڵگرتنی گشت گەمارۆکان، کۆسپە سەرەکییەکان هێشتا ماون؛ سپای پاسداران لە لیستی تێرۆردایە و کەرتی ئاوەدانکردنەوەی ئێرانیش لەژێر کۆنترۆڵی کۆمپانیاکانی سەر بەو هێزەدایە.
لەلایەکی دیکەوە، لێخۆشبوونە داراییەکانی ئەمریکا پێویستیان بە نوێکردنەوەی شەش مانگ جارێکە، ئەمەش بۆ پاراستنی وەبەرهێنانی درێژخایەن گونجاو نییە و زۆربەی گەمارۆکانیش بە یاسای کۆنگرەوە چەسپاون.
ڕۆیتێرز ئاماژەی بەوەش کرد کە عەرەبستان و ئێمارات وەک سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی دارایی دەبینران، بەڵام بەهۆی هێرشەکانی ئەم دواییەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەریان، دوورە تەنیا لەسەر داوای واشنگتۆن تێچووی بووژاندنەوەی ئابووریی تاران بگرنە ئەستۆ.