کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێداگریی بەرپرسانی ڕێژیم لەسەر شەڕەنگێزی و قەبووڵنەکردنی ئاشتی

11:12 - 15 پووشپەڕ 2726

محەممەدباقر قاڵیباف سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم و سەرۆکی تیمی دانوستانکار، ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی پووشپەڕ پێداگریی لەسەر تۆڵەسەندنەوەی خوێنی خامنەیی کردەوە و ڕایگەیاند؛ لەگەڵ ئەمریکا ئاشتییەک لەئارادا نییە.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم بڵاویان کردەوە کە محەممەدباقر قاڵیباف لە چاوپێکەوتن لەگەڵ محەممەد دەروێش سەرۆکی شۆرای ڕێبەریی حەماس ڕایگەیاندووە کە ئێمە لەگەڵ ئەمریکا سوڵح ناکەین و ئیسرائیل بە فەرمی ناناسین.

نابراو لەو چاوپێکەوتنەدا وتوویەتی: "ڕێککەوتننامەی ئێمە لەگەڵ ئەمریکا لە بواری جێبەجێکراندایە و هەرچەند پیادەکردنی دژراوە، بەڵام دەکرێت".

ڕۆژنامەی  "نیویۆرک تایمز"، پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردبوو کە پزیشکییان، قاڵیباف و فەرماندەکانی سپا بەهۆی داڕمانی ئابووری، گەمارۆی دەریایی ئەمریکا و مەترسیی تەواوبوونی پاشەکەوتی خۆراک و دەرمان، پێداگری لەسەر ئاگربەست و دانوستان لەگەڵ ترامپ دەکەن؛ تا ئەو ڕادەیەی پزیشکیان هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەی کردووە و موجتەباش بە ناچاری و بە مەرج ڕەزامەندی لەسەر دەربڕیوە.

ئەوە لەکاتێکدایە کە لایەنگرانی بەرەی پایداری لە شارەکانی تاران، مەشهەد و قوم دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست و ڕێککەوتننامەی نێوان ئەمریکا و ڕێژیمی تاران هێرشی توندیان کردە سەر عێراقچی و قاڵیباف و بە هاواری "بێشەرەفی سازشکار و نفووزی" پێگەی ئەوانیان هێنایە ژێر پرسیار.