کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریتانیا بۆ ڕێگری لە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی تاران، چین و ڕووسیە ڕێکاری نوێی گرتەبەر

11:13 - 15 پووشپەڕ 2726

بریتانیا لە دژکردەوە بە هەوڵەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، چین و ڕووسیە بەمەبەستی دەستێوەردان لە کاروباری سیاسیی ئەو وڵاتە، ڕێوشوێنی سەختگیرانە و جیددی بۆ یارمەتییە ماڵییەکان گرتەبەر، هەتا شوێندانەریی دەوڵەتە دەرەکییەکان بەسەر هەڵبژاردنی ئەو وڵاتەوە کەم بکەنەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕویتێرز، دەوڵەتی بریتانیا ئەمڕۆ دووشەممە ١٥ی پووشپەڕ ڕایگەیاند: "بەربژێرەکانی هەڵبژاردن لەم ساتە بەدواوە دەبێت یارمەتیی ماڵیی زیاتر لە ٢٢٣٠ پوند کە پێش بەربژێربوونیان وەریانگرتبێت، تۆمار بکەن".

هەروەها لەو ڕاگەیەندراوەی دەوڵەتی بریتانیادا هاتووە کە دەبێت بەربژێرەکان بیسەلمێنن ئەو سەرچاوە ماڵییە وەرگیراوانەی پێش بەربژێربوونیان بەدەستیان هێناوە، لە سەرچاوەی نایاسییەوە دابین نەکرابێت.

دەوڵەتی بریتانیا ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە سیاسەتوانانی پێشووی حیزبی ڕاستگەرای ئەو وڵاتە، بەهۆی وەرگرتنی بەرتیل لە بەرانبەر هەڵوێستگرتن و پشتیوانی لە ڕووسیە، سزای بەندکرانیان بۆ بڕایەوە.

بەپێی داتا و ڕاپۆرتی دەوڵەتی بریتانیا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، ڕووسیە و چین لەو دەوڵەتانەن کە بە بەردەوامی، دەستیان لە کاروباری سیاسیی بریتانیادا وەرداوە و بۆ لاوازکردنی دێموکراسی لەو وڵاتە هەموو هەوڵێکیان خستووەتە گەڕ.

شایانی باسە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بێجگە لە دەستێوەردانی سیاسی، دەیان جار هەوڵی داوە لەنێو خاکی وڵاتی بریتانیادا کردەوەی تێرۆریستی ئەنجام بدات و چەندین جاریش تیمی سیخوڕی و تێرۆریستیی ئەو ڕێژیمە لەلایەن پۆلیس و دەزگا ئەمنییەتی و هەواڵگرییەکانی بریتانیاوە دەسبەسەر کراون و لەقاو دراون.