کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەگبەی شاخ و شۆڕش (شەهید کەریم قازی)

11:59 - 15 پووشپەڕ 2726

برایم چووکەڵی

لووتکە دەنووسن بۆ بەیان، مەشقی ئەوینداری دەکەن

تاریکە ڕێگای ھەڵفڕین، باڵی ئەوانیش پڕ لە چاو

ساڵانێکی زۆرە نەتەوەی کورد بێوچان بۆ سەربەستیی خۆی خەبات دەکات، لەو پێناوەشدا مێژوویەکی پڕ لە سەروەری و پڕ لە شانازیی هەیە. نەتەوەیەک کە بە درێژایی مێژوو لە لایەن ڕێژیمەکانی حاکم بەسەر کوردستاندا سەرکوت کراوە و ڕێگەی پێ نەدراوە دەنگی حەقخوازانەی هەڵبڕێت و لە مەترسیی تواندنەوە و تێداچوون و لەژێر فشار و ئەشکەنجەدا بووە. سەرەڕای هەموو ئەو بڕک و ژان و ستەمکارییانەی ڕووبەڕووی بووەوە، گەلی بەپەرۆش و ئازادیخوازی کوردستان کۆڵی نەداوە و ئاڵای خەبات و خۆڕاگریی بەرز ڕاگرتووە.

درێژەپێدان و نەپسانەوەی خەباتی ڕەوای خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕەنگدانەوەی ئەو هەموو زوڵم و زۆر و زەبروزەنگەیە کە لەمێژە بەسەر گەلەکەماندا سەپاوە. لە ماوەی هەشت دەیەی پێش ئێستاوە قورسایی و ڕێبەریی ئەو بزووتنەوەیە لە ئەستۆی حیزبی دێموکراتی کوردستانە، کە بۆ وەدیهێنانی ئامانجە بەرز و پیرۆزەکانی گەلی کورد خەبات دەکات. لەو ماوەیەدا بە سەدان و هەزاران ڕۆڵەی فیداکار گیانی خۆیان پێشکەش بەو گەلە بەشخوراوە کردووە کە کەریم قازی یەکێک لەوانە.

کەریم قازی لە سەردەمێکدا تیشکی ئازادی خەریک بوو پڕشنگی دەهاویشتە کوردستان، لە یەکێک لە بنەماڵە جووتیارەکانی کوردستان لە ئاوایی کۆنەقەڵای سەر بە شارستانی شنۆ، لە داوێنی بنەماڵەی زەحمەتکێشدا لەدایک بوو. بەرەبەرە کە گەورە بوو ڕەوانەی قوتابخانە کرا و توانی هەتا پێنجی سەرەتایی بخوێنێ. کەریم لە نەبوونیدا گەورە بوو. ژیانی هەر لە سەردەمی منداڵییەوە ئاوێتەی کوێرەوەری و بێبەشی و بەشخوراوی بوو.

ئەو ژیانە پڕ لە چەرمەسەرییەی کەریم تا دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکانی دژی ڕێژیمی پاشایەتی و هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی بەوجۆرە تێپەڕی. ئەو ئیدی دەیزانی نەداری بەری چ دارێکە و زوڵم و ستەم و زۆرداری مانای چییە! بۆیە دەستپێکردنی تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستان، بۆ کەریم هەل و دەرفەتێکی باش بوو لەپێناوی سڕینەوەی بەشمەینەتی و دەستەبەرکردنی ژیانێکی بەختەوەردا و لە سەنگەری دێموکراتدا خەبات بکات. هەر بۆیە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاویدا چەکی پێشمەرگایەتیی لەشان کرد و لە هێزی سمکۆی ئەوکاتدا دەستی بە تێکۆشان کرد.

پاش ئەوەی خومەینی لە ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨دا لە دژی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان فتوای جیهادی ڕاگەیاند، کەریم قازی یەکێک لەو کوڕە بەتوانایانە بوو شێلگیرانە و شۆڕشگێڕانە بۆ داکۆکیکردن لە گەلەکەی و بۆ بەرپەرچدانەوەی پیلانە ڕەنگاوڕەنگەکانی دوژمنانی کوردستان چووە نێو سەنگەری شەرەفەوە. ناوبراو بە هەموو هێز و توانایەوە بەرانبەر بە لەشکری پەلاماردەری کۆماری ئیسلامی وەستایەوە.

کەریم قازی لە شەڕەکاندا نیشانی دا مرۆڤێکی خاوەن بیروباوەڕە و بە لەخۆبووردوویی و فیداکارییەوە دەریخست کە شێلگیرانە و لێبڕاوانە لە گەلەکەی و ئامانجە ڕەواکانی بەرگری دەکات و پێشمەرگەیەکی کارامە و لێوەشاوەیە. لە ئەنجامی لێهاتوویی و گیان لەسەردەستییەوە وەک فەرماندەی پەلێک لە پێشمەرگەکانی لکی شەهید فەرزەندەی باقری دیاری کرا و پاش ماوەیەک وەک سەردەستە و پاشان وەک فەرماندەی لک، هەر لەو لکەدا دیاری کرا و تا کاتی شەهیدبوونی ئەو بەرپرسیاریەتییەی بەوپەڕی ئازایەتی و ڕووسوورییەوە بە ئەنجام گەیاند. شەڕە حەماسییەکانی پیرناسر، شەڕی ورمێ، شەڕی گەڵاز، شەڕی باڵاگیز و کۆنەقەڵا، شاهیدی بۆ لەخۆبردوویی و ئازایەتی و نەترسیی ئەم شێرەکوڕەی دێموکرات دەدەن. قارەمانێتیی کەریمی بەئیمان و بیروباوەڕ، وێردی سەر زمانی خەڵکی ناوچەی شنۆی دڵسۆز و دەوروبەری بوو، ئێستاش یادی قارەمانێتی و دەستوبرد و هێرشی ئازایانەی لە نێو دڵی خەڵکی قارەمانی ئەو ناوچەیەدا ماوەتەوە.

کەریم قازی زۆر تایبەتمەندیی بەرزی لە خۆی نیشان دەدا. ئەو لەباری سیاسییەوە کادرێکی بەهەڵوێست و دووربین بوو، لەباری نیزامیشەوە فەرماندە و پێشمەرگە و پارتیزانێکی بەئەزموونی ڕاستەقینە بوو. لەباری کۆمەڵایەتییەوە خاوەن پێگەیەکی بەربڵاوی کۆمەڵایەتی بوو، لە ئاست کێشە و گیروگرفتەکانی حیزب و کۆمەڵگە و بنەماڵەدا بەتوانا و سەرکەوتوو بوو و زۆر بەتەواوی بەسەر تەنگوچەڵەمەکاندا زاڵ دەبوو. کەریم قازی بێجگە لە فەرماندەیی ئەو شەڕانەی باس کران، لە دەیان هێرش و پەلاماردا گورزی کاریگەری لە سپای هێرشبەر وەشاند و دەیان عەمەلیاتی سەرکەوتووانەی بۆ گەلەکەی و هێزی شەهید سمکۆ تۆمار کرد. کەریم وەک فەرماندەیەکی کارامە، خاوەن ئەزموون و بەتوانا ئەرکی پێئەسپێردراوی جێبەجێ دەکرد. لە ماوەیەکی کورتدا لێهاتوویی و دڵسۆزیی خۆی نیشان دا و دەریخست کە ڕۆڵەیەکی ئازا، فیداکار و بەجەرگە و باوەڕی بە کوردایەتی قایم و قۆڵ و پتەوە.

بەداخەوە مەرگ مەودای بە کوڕی قارەمانی گەلەکەمان نەدا تا زیاتر خزمەت بە نەتەوەکەی بکات؛ ڕۆژی ١٨ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٦٠، دوژمن بە هێزێکی زۆرەوە هێرشی بۆ سەر پێشمەرگەکانی لکی فەرزەندە دەست پێکرد، ئەوە دوایین فیداکاریی کەریم قازی بوو کە بەرپەرچی دوژمنی دایەوە و لەگەڵ هاوڕێیانیدا زەبرێکی کاریگەریان لە هێزی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامی وەشاند، مخابن لە گەرماوگەرمی شەڕدا گوللەی هێزی دوژمن سینگی پڕ لە تاسەی کەریم قازیی پێکا و خوێنی لەگەڵ خوێنی ٣ هاوسەنگەری دیکەیدا تێکەڵ بوو و گیانیان پێشکەش بە بارەگای ئازادی و ڕزگارکردنی گەلە بەشخوراوەکەیان کرد.