جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند، واشنگتۆن "هەموو کارتەکانی هێز"ی لە بەرامبەر تاراندا لەبەر دەستدایە؛ چ دیپلۆماسی سەرکەوێت و چ شکست بهێنێت، تیمی ترامپ لە پێگەی سەرکەوتنی دوولایەنەدایە.
ڤانس ڕوونی کردەوە، ئەگەر دانوستانەکان بگەنە ئەنجام، تاران ناچار دەبێت بۆ هەمیشە دەست لە چەکی ئەتۆمی، تێرۆریزم و ناسەقامگیریی ناوچەیی هەڵبگرێت، کە ئەمەش بۆ خەڵکی ئەمریکا و تەواوی ناوچەکە دەرئەنجامێکی باشە.
ناوبراو لە لایەکی تریشەوە وتی: "ئەگەر ئێرانییەکان سازش نەکەن، بەرنامە ئەتۆمی و سپاکەیان هەروا بە تێکشکاوی دەمێنێتەوە و ئەمریکا لە پێگەیەکی زۆر بەهێزتردا دەبێت."
ڤانس ئاماژەی بەوە دا کە ئامانجی سەرەکیی ئەوان، ڕێگریی هەمیشەیی لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمییە، کە تەنانەت لە ئەگەری شکستی گفتوگۆکانیشدا ئەم ئامانجە پێکراوە.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا بڵاو دەبنەوە کە ستیڤ ویتکاف و جێرد کۆشنێر، نێردراوانی تایبەتی ئەمریکا، لە دۆحەی پێتەختی قەتەر لەگەڵ نێوبژیوانانی قەتەری کۆبوونەتەوە و خەریکی تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان ئەمریکا و ڕێژیمی ئێرانن.