ئابووریناسان و کەسایەتییە سیاسییەکانی ڕێژیم باسیان لەوە کردووە کە بەهۆی گەمارۆی دەریاییەوە، دەرمان و پێداویستیی خۆراکی بە ڕادەیەکی مەترسیدار کەمی کردووە و ئەو ڕێژەیەش کە پاشەکەوت کراوە بەشی هەتا کۆتایی مانگی خەرمانان دەکات.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری چەند بەرپرسێکی ڕێژیم و ئابووریناسانەوە ڕاپۆرتێکی لەمەڕ کەمیی دەرمان و پێداویستیی خۆراکی بڵاو کردەوە کە تێیدا ئاماژە بەوە دراوە لە نامەیەکدا بۆ موجتەبا خامنەیی باسیان لەو قەیرانانە کردووە.
لەو ڕاپۆرتەدا، ڕێبەری نوێی ڕێژیمیان لە ئەگەری بەردووامبوونی گەمارۆی دەریایی دژی ڕێژیم ئاگادار کردووەتەوە و هۆشدارییان داوە کە پاشەکەوتی پێداویستیی خۆراکی و دەرمانی هەتا دوو مانگی دیکە بەرگە دەگرێت.
ئەو قەیرانانە لەکاتێکدایە کە توانای کڕینی خەڵک لە ئێراندا بە ڕادەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و مەترسیی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵک هەیە.
نیویۆرک تایمز پێشتریش لە زاری چوار بەرپرسی باڵای ڕێژیمەوە بڵاوی کردبووە کە مەسعوود پزیشکییان سەرۆککۆماری ڕێژیم لە هەڕەشەیەکی جیددی و تونددا ڕوو لە موجتەبا خامنەیی وتوویەتی لە ئەگەری قەبووڵنەکردنی دانوستاندا، دەستلەکارکێشانەوە ڕادەگەیەنم.
پزیکشییان ڕاشیگەیاندبوو کە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بووەتە هۆی ئیفلیجبوونی بەربڵاوی ئابووریی ئێران و ئەگەر ئەو دۆخە هەنووکەییە بەردەوام بێت، سەقامگیریی ڕێژیم ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی مەترسیدار دەبێتەوە و ئیتر دەوڵەت توانای چارەسەرکردنی ئەو قەیرانانەی نامێنێت.