کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرۆکی ستادی گشتیی ئەرتەشی ئیسرائیل: حیزبوڵڵا لە هەموو ڕووبەڕووبوونەوەکاندا تووشی شکستی گەورە بووە

14:01 - 15 پووشپەڕ 2726

ئەیال زەمیر سەرۆکی ستادی گشتیی ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند حیزبوڵڵای لوبنان لە لاوازترین حاڵەتی خۆیدایە و لە هەموو بوارێکەوە شکستی گەورەی خواردووە.

ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی پووشپەڕ، ئەیال زەمیر سەبارەت بە دۆخی هەنووکەیی حیزبوڵڵا ڕایگەیاند؛ ئیسرائیل دەستی بەسەر ناوچەی قەڵای شەقیفدا گرتووە کە پڕە لەو ژێرخانانەی حیزبوڵڵا کە بە پشتیوانییە ماڵی و سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ هەڕەشەکردن لە شارۆچکە باکوورییەکانی ئیسرائیل دروستی کردبوو.

زەمیر هەروەها ڕایگەیاند کە ئەرتەشی لوبنان دەبێت لەسەر بەڵێنییەکانی خۆی بەپێی ڕێککەوتننامەی دوولایەنەیان دەروەست بمێنێتەوە و ناوچەکان لە بوونی حیزبوڵڵا پاکسازی بکەن.

ئەو بەرپرسە باڵایەی ئەرتەشی ئیسرائیل ڕاشیگەیاند کە حیزبوڵڵا بە ڕادەیەکی بەرچاو لاواز بووە و لە هەموو ڕووبەڕووبوونەوەکان لەگەڵ ئەرتەشی ئیسرائیلدا شکستی گەورەی خواردووە.

لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان ئەمریکا و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیم لە ناوچەکە لەوانە حەماس، حیزبوڵڵا و حوسییەکان چڕتر کردووەتەوە و هەتا ئیستا دەیان بنکە، توونێل، سەکۆی مووشکی، فەرماندەی باڵا و ئەندامی ئەو گرووپانەی کردووەتە ئامانج.

پێشتریش سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵی ١٤ی وڵاتەکەی، ستایشی دەستکەوتە سەربازییەکانی چەند ساڵی ڕابردووی ئیسرائیلی کرد و ڕایگەیاند: "شەڕەکانی ئیسرائیل هیچ کاتێک کۆتاییان نایەت و هێشتا کۆمەڵێک کاری ئەنجامنەدراو لە دژی میحوەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ماون کە دەبێت جێبەجێ بکرێن".