کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیگەرانیی بریتانیا لەمەڕ هەڕەشەکانی ڕێژیم لە کەشتییە بازرگانییەکانی گەرووی هۆرمۆز

14:09 - 15 پووشپەڕ 2726

ڕێکخراوی دەریاوانیی بازرگانیی بریتانیا لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ڕایگەیاند کە ئاستی هەڕەشە ئەمنییەتییەکان لە گەرووی هۆرمۆز هەروا بەڕادەیەکی بەرچاو درێژەی هەیە و مەترسیی زیانگەیاندن بە کەشتییەکان لە ئارادایە.

بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هۆرمۆز لە ماوەی ٧٢ کاتژمێری ڕابردوودا بەبێ گرفت بووە، بەڵام چالاکیی پەهبادی و چاوەدێری بە سەر کەشتی و تێکدانی سیستەمی ناوبەریی ماهوارەیی و هۆشدارییەکانی سپای پاسداران، هەروا درێژەی هەیە.

پێشتریش ڕێکخراوی دەریاوانیی بازرگانیی بریتانیا باسی لە هێرشی چەند چەکدارێکی نەناسراو بۆ سەر کەشتییەکی باری لە ٣٠ مایلی دەریایی باشووری ڕۆژاوای ئەلحەدیدەی یەمەن کردبوو.

شایانی باسە فەرانسە و بریتانیا پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە لەگەڵ عومان گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێک بۆ گەڕاندنەوەی ئەمنییەتی دەریاوانی لە گەرووی هۆرمۆز.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممەی حەفتەی ڕابردوو، سێنتکام لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی و ئەمنییەتیی هەرکام لە وڵاتانی بەحرەین، میسر، ئۆردۆن، کوەیت، لوبنان، عومان، قەتەر، عەرەبستان، سووریە، ئێمارات و یەمەن لە مەنامەی بەحرەین لەسەر دۆخی ئەمنییەتیی ناوچەکە و ڕێکارەکانی هاوکاریی بەرگریی زیاتر، کۆ بوویەوە.

بەشداربووانی ئەو کۆبوونەوەیە لەسەر بەڵێنی هاوبەشی خۆیان لەمەڕ پاراستنی ئازادیی کەشتیوانی و ڕەوتی ئازادیی بارزگانی لە گەرووی هۆرمۆز پێداگرییان کردبوو.

هەتا ئێستا بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و فەرماندەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران لە هەڕەشەکردن و هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکانی ڕێگەی ئاویی نێونەتەوەیی گەرووی هۆرمۆز بەردەوامن.