ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی پووشپەڕی ١٤٠٥ ( ٣ی ژوئیەی ٢٠٢٦ی زایینی)، لە ناوەندی ئایینیی «قازی» لە شاری سترۆمین، کۆڕێکی ڕێزگرتن و یادکردنەوە بۆ تازەترین شەهیدانی کوردستان «شەهیدانی قزقەپان» بەڕێوە چوو. ڕێوڕەسمەکە لەلایەن ناوەندی پێشمەرگە دێرینەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە ڕێکخرابوو کە تێیدا ژمارەیەکی بەرچاو لە لایەنگران، چالاکوانانی سیاسی و ڕەوەندی کوردی نیشتەجێی وڵاتی نۆروێژ ئامادەی بوون.
ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی «ئەی ڕەقیب» و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان دەستی پێکرد. پاشان لەلایەن پێشکەشکاری ڕێوڕەسمەکە، خاتوو گەلاوێژ مێهفەر، بەخێرهاتنی میوانان و نوێنەری ڕێکخراوەکان کرا.
لە بەشی یەکەمی ڕێوڕەسمەکەدا، پێگەی سیاسی و مێژوویی شەهیدانی ئەم دواییە و دۆخی ئێستای بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خرانە بەر باس. لەم چوارچێوەیەدا، پەیامی کۆمیتەی نۆروێژی حیزبی دێموکرات، لەلایەن کاک عەباس نامی بەرپرسی کۆمیتەی وڵاتەوە خوێندرایەوە، کە تێیدا جەخت لەسەر بەردەوامیی ڕێبازی کادر و پێشمەرگە فیداکارەکان کرابوو.
پەیامی ناوەندی پێشمەرگە دێرینەکان، لەلایەن خاتوو شنۆ مێهرپەروەرەوە پێشکەش کرا، کە تیشکی خستە سەر ڕۆڵی مێژوویی تێکۆشەرانی دێرین لە پاڵپشتیکردنی سەنگەرەکانی خەباتدا.
نووسەر و پێشمەرگەی دێرین، کاک برایم لاجانی، وتارێکی سیاسی و شیکاریی پێشکەش کرد و تێیدا پەرەسەندنەکانی بارودۆخی سیاسیی کوردستان و گرنگی حەماسەی قزقەپانی لە مێژووی هاوچەرخی بزووتنەوەکەدا شی کردەوە.
کاک هەمزە ئاگوشی لە وتەکەیدا باسی لە خۆڕاگریی بێوێنەی دایکی شەهیدان کرد وەک سەرچاوەی ورە و وانەی مانەوە و بەگژداچوونەوەی داگیرکەران.
لە تەوەرێکی تری یادکردنەوەکەدا، فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری کە لەلایەن «ناوەندی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان»ـەوە لەسەر ژیان و کارنامەی سیاسی و پێشمەرگایەتی شەهیدان ئامادەکرابوو، نمایش کرا کە سەرنجی ئامادەبووانی ڕاکێشا.
هاوکات تێکۆشەر محەمەد کۆخانی (مەتین) پەخشانێکی سیاسی و حەماسیی خوێندەوە.
پەیامی هاوبەشی «یەکیەتیی ژنان» و «کۆمیتەی ڕۆمەریکێی سەروو» لەلایەن کاک مەنسوور سەممارەوە پێشکەش کرا. هونەرمەندی نیشتمانپەروەر، کاک قادر ئەلیاسی بە دەنگە بەسۆزەکەی، لاواندنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەی پێشکەش بە گیانی پاکی شەهیدان و بنەماڵەکانیان کرد.
له کۆتایی کۆڕەکەدا، کاک یاسین حاجیزادە پەیامی سپاس و پێزانینی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی حەماسەی قزقەپانی ئاڕاستەی ئامادەبووان و ڕێکخەرانی ڕێوڕەسمەکە کرد. یادکردنەوەکە بە نوێکردنەوەی پەیمانی وەفاداری لەگەڵ ڕێبازی نەپساوەی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری و یەکسانیی کوردستان کۆتایی پێهات.