کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوپەیمانیی "هاوپەیوەندیی گشتگیر" سەرکوتکردنی بزووتنەوەی خوێندکاری مەحکووم کرد

14:24 - 15 پووشپەڕ 2726

هاوپەیمانیی سیاسیی "هاوپێوەندیی گشتگیر بۆ ئازادی و یەکسانی لە ئێران" لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، وێڕای پشتگیری لە بانگەوازی خوێندکارانی پێشڕەو، سەرکوتی بەردەوامی بزووتنەوەی خوێندکاریی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە توندی مەحکووم کرد.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە بزووتنەوەی خوێندکاری لە حەوت دەیەی ڕابردوودا، هەمیشە ڕەوتێکی گرنگی ئازادیخوازی بووە و دەسەڵاتیش لە ڕێگەی گرتنی چالاکوانان، حوکمی قورس، دەرکردنی مامۆستایان و ئەمنییەتیکردنی زانکۆکان، هەوڵی بێدەنگکردنی داون؛ بەڵام مێژوو سەلماندوویەتی ئازادی بە زیندان و گولـلە لەنێو ناچێت.

هاوپەیمانییەکە وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی خوێندکارانی گیانبەختکردوو، داوای ئازادکردنی دەستبەجێی بەندکراوانی سیاسی، کۆتاییهێنان بە کەشی ئەمنییەتیی زانکۆکان و هەڵوەشاندنەوەی حوکمە سەرکوتکارییەکان دەکات.

هه‌روه‌ها ڕایگەیاندووە کە داکۆکی لە بزووتنەوەی خوێندکاری، داکۆکییە لە داهاتووی ئێران؛ چونکە زانکۆی سەربەخۆ بنەمای کۆمەڵگەیەکی ئازاد، دێموکرات و سەروەرکردنی یاسایە.

لەم پێناوەدا، داوا لە پارتە سیاسییەکان، ڕێکخراوە مەدەنییەکان، ڕیپۆرتێرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ناوەندە جیهانییەکان دەکات گوشارەکانیان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی زیاد بکەن.

لە کۆتاییدا جەخت کراوەتەوە کە هاوپێچبوونی بزووتنەوەی خوێندکاران لەگەڵ ژنان، کرێکاران و مافخوازان، پێویستییەکی مێژوویی بۆ بەزاندنی ستەمکارییە، چونکە داهاتوو بە دەستی خەڵکی ئازادیخواز بنیاد دەنرێت و ئەندێشە زیندانی ناکرێت.