کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ بژاردەی شەڕی هەمەلایەنە دژی ئێرانی تاوتوێ کرد

10:03 - 10 پووشپەڕ 2726

بەپێی ڕاپۆرتە نوێیەکان، دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، لەم دواییانەدا پرسی گەڕانەوە بۆ شەڕێکی هەمەلایەنەی لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران تاوتوێ کردووە.

ڕۆژنامەی "واڵ‌ستریت ژۆرناڵ" ڕۆژی سێشەممە لە زمان چەند بەرپرسێکی ئەمریکاییەوە بڵاوی کردەوە کە ترامپ لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین گفتوگۆی چڕوپڕی لەگەڵ پیت هێگسێت، وەزیری شەڕ و دەن کەین، بەرپرسی ستادی هاوبەشی ئەرتەشی ئەمریکا ئەنجام داوە کە تەوەرەی سەرەکییان تاوتوێکردنی ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی زیاتر بۆ سەر ئێران بووە.

ئەم میدیایە ئاشکرای کردووە کە دانیشتنەکان لەسەر ئەو خاڵە چڕ بوونەتەوە کە ئایا پێویستە واشنگتۆن کۆتایی بە پرۆسەی دانوستانەکان بهێنێت و دەست بە هێرشی هەمەلایەنە بکات کە بە واتای "کۆتاییهێنان بە کارەکە" بێت یان نا، بەڵام سەرۆککۆماری ئەمریکا دواجار بڕیاری داوە کە بۆ ئێستا لەسەر ڕێڕەوە دیپلۆماسییەکە بەردەوام بێت.

ترامپ ڕایگەیاندووە کە خولێکی دیکەی هێرشی سەربازی دەکرێت پرۆسەی دیپلۆماسی پەک بخات و شانسی لەنێوبردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، کە ئامانجی سەرەکیی سەرۆککۆمارە، کەم بکاتەوە.