گرووپی چەکداریی حەماس هەڵوەشانەوەی دەوڵەتی غەززەی ڕاگەیاند کە لەژێر ڕکێف و ئیدارەی خۆیدا بوو، هەتا بەستێنی ڕاگواستنی ئیدارەی ئەو ناوچەیە بۆ کۆمیتەی میللیی ئیدارەی غەززە بڕەخسێنێت.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٥ی پووشپەڕ، هەواڵدەریی فەرانسە لە زاری "ئیسماعیل ئەلسەوابە"، سەرۆکی نووسینگەی هەواڵدەریی دەوڵەتی حەماسەوە ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە "محەممەد ئەلفەرا، سەرۆکی کۆمیتەی نایاسایی دەوڵەتی حەماس، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشكەش کردووە و کۆمیتەکەی بەگشتی هەڵوەشاندووەتەوە".
هەروەها حازم قاسم وتەبێژی حەماس، بە هەواڵدەریی فەرانسەی ڕاگەیاندووە کە "چیتر حەماس بەرپرسایەتیی ئیدارەی غەززەی لەئەستۆ نییە و ئامانج لەو بڕیارە، لەنێوبردنی بیانووەکانی ئیسرائیل بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لەو ناوچەیە".
کۆمیتەی میللیی ئیدارەی غەززە ناوەندێکە کە لە تێکنۆکراتە فەلەستینییەکان پێک هاتووە و چوارچێوەی ئاگربەست لەگەڵ ئەمریکادا بۆ ئیدارەی کاروباری خەڵکی ئاسایی لە غەززە پێشنیار کراوە.
سەرەڕای ئەو هەوڵانەی حەماس ئەو کۆمیتەیە هەتا ئێستا ئیدارەی غەززەی بە دەستەوە نەگرتووە و ڕەوتی ڕادەستکردنی دەسەڵات بە کردەوە دەستی پێ نەکردووە.
گرووپی حەماس لەلایەن ئەمریکا و ئورووپاوە وەک گرووپێکی تێرۆریستی دەناسرێت و بەرپرسایەتیی خوێناوی و مەرگهێنەری ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ کە بووە هۆی کوژرانی ٦٩٥ کەسی ئاسایی خەڵکی ئیسرائیل لەوانەش ٣٨ منداڵ و ٧١ هاووڵاتیی دەرەکیی لەئەستۆیە.
لاوازبوونی حەماس لە دوای هێرشەکانی ئیسرائیل لە کاتێکدایە کە عەلی خامنەیی ڕێبەری کوژراوی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هێزە چەکدارەکانی ئەو گرووپەی بە "خەباتکاران و سەربازانی ئیسلام" ناو لێ دەبرد.