ڕۆژنامەی "جێروزالم پۆست" بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتە ئەمنییەتییەکانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، تێلاڤیڤ بەوردی چاوەدێریی تاران دەکات کە تێیدا ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی وەک هەوڵێک بۆ جێگیرکردنی پێگەی موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەری نوێ بینراوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، موجتەبا خامنەیی کە لە هێرشەکەی سەر باوکیدا بە توندی بریندار ببوو، بەهۆی مەترسیی ئەمنییەتییەوە لە ڕێوڕەسمەکەدا دەرنەکەوتووە.
یەکێک لە بەرپرسە باڵاکان ڕایگەیاندووە کە موجتەبا خامنەیی بەهۆی کوژرانی باوکی و "شەرمەزاربوونی کۆماری ئیسلامی لە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل"، پاڵنەرێکی توندی بۆ تۆڵەسەندنەوە هەیە و ئەحمەد وەحیدی، یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی سپای پاسداران، وەک داڕێژەری سەرەکیی ئەم پلانە تۆڵەسەندنەوەیە دەبینرێت.
هاوکات، تێلاڤیڤ نیگەرانە کە هیچ دەورێکی لە دانوستانەکانی تاران و واشنگتۆندا نییە و ئەگەری هەیە بڕیارەکانی دۆناڵد ترامپ دەستەوەستانی بکەن؛ بۆیە ئەرتەشی ئیسرائیل هەر حەفتەیەک پلانە هێرشبەرییەکانی دژی ئێران نوێ دەکاتەوە.
هەروەها هۆشداری دراوە کە هەر هێرشێکی حیزبوڵڵا، دەبێتە هۆی بۆردومانکردنی زاحیەی بەیرووت و تاران ناچار دەکات لە نێوان شەڕی ڕاستەوخۆ یان پاشەکشەدا، یەکێکیان هەڵبژێرێت.