لە درێژەی شەڕەنگێزییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە بە گشتی و گەرووی هۆرمۆز بە تایبەتی، لە نوێترین هەوڵیدا، کەشتییەکی بازرگانیی قەتەری کردە ئامانج.
بەپێی ڕاپۆرتی واڵ ستریت ژۆرناڵ، سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ١٦ی پووشپەڕ، سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی کەشتییەکی نەوتهەڵگری قەتەر کە هەڵگری گازی سرووشتی بووە، کردووەتە ئامانج.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، بەهۆی ئەو هێرشە بەشی ماتۆڕخانەی نەوتهەڵگرەکە ئاگری گرتووە و زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.
بەپێی زانیارییەکانی واڵ ستریت ژۆرناڵ، ئەو هێرشە زیانی گیانی بەدواوە نەبووە.
بەپێی هەمان ڕاپۆرت، سپای پاسدارانی ڕێژیم لە دوایین ڕۆژەکانی حەوتووی ڕابردووشدا لە ڕێگەی بێتەلی دەریاییەوە هۆشداریی بە کەشتییە بازرگانییەکانی دابوو کە: "مووشەک و دڕۆنەکانمان ئامادەی لێدانتانن".
هەروەها ئاکسیۆس لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا لە زاری دوو بەرپرسی ئەمریکاییەوە بڵاوی کردەوە کە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی شەوی دووشەممە لانیکەم لە ڕێگەی دوو مووشەکەوە دوو کەشتیی بازرگانییان لە گەرووی هۆرمۆز کردووەتە ئامانج.
پێشتر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕایگەیاندبوو کە وڵاتەکەی لەگەڵ عومان سەبارەت بە گەرووی هۆرمۆز و تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییەکان لەم ڕێڕەوە نێودەوڵەتییە گرنگەدا لە هەماهەنگیدان و هەر هەڕەشە و هێرش بە توندی وڵام دەدەنەوە.
هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی پووشپەڕ، سێنتکام لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی و ئەمنییەتیی هەرکام لە وڵاتانی کەنداو لەوانەش قەتەر لەسەر دۆخی ئەمنییەتیی ناوچەکە، ڕێکارەکانی هاوکاریی بەرگریی زیاتر و پاراستنی ئازادیی کەشتیوانی و ڕەوتی ئازادیی بارزگانی لە گەرووی هۆرمۆز کۆ بوونەوە، بەڵام هەتا ئێستا بەکردەوە هیچ هەنگاوێک بۆ دەمکوتکردنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەو بارەوە نەگیراوەتە بەر.