کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرتەشی ئیسرائیل کوژرانی ٤ فەرماندەی گەڵاڵەداڕێژەری سەربازیی حەماسی ڕاگەیاند

10:08 - 10 پووشپەڕ 2726

لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە ئەرتەشی ئیسرائیل بە "ئۆپەراسیۆنی پێشگیری لە هەڕەشە" ناوی لێ بردووە، چوار فەرماندەی گەڵاڵەداڕێژەری سەربازیی حەماسی کردووەتە ئامانج کە گەڵاڵەی هێرش بۆ سەر ئیسرائیلیان داڕشتووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٠ی پووشپەڕ، ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە چوار فەرماندەی سەربازیی حەماس کە ویستوویانە چەندین هێرشی سەربازی لە دژی خەڵکی ئیسرائیل ئەنجام بدەن، لە ‌غەززە کردووەتە ئامانج و کوژراون.

ئەرتەشی ئیسرائیل شوناسی ئەو چوار فەرماندە کوژراوەی حەماسی بەو شێوەیە بڵاو کردەوە؛ وائێل مەحموود عەلی لۆبەد، فەرماندەی دژەزرێ، مەعاز محەممەد حەسەن ئەحمەد، فەرماندەی یەکەی دژەزرێ، سامح ئەبوو کۆمەیل، فەرماندەی جووخەیەکی سەربازی و ئەکرەم ئەشرەف حەماد لۆبەد، فەرماندەی تەکتیرهاوێژ.

هەروەها لەم حەفتەیەدا، ئەرتەشی ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا، کوژرانی  دوو فەرماندەی باڵای حەماس بە ناوەکانی عەبدولڕەحمان ماهێر عەبدولکەریم زیاد و کەماڵ محەممەد حەمدان نەجاڕی بڵاو کردەوە کە لە هێرشی ٧ی ئۆکتۆبردا دەستیان هەبوو.

هاوکات ڕۆژی یەکشەممە ٦ی پووشپەڕ، وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل و شاباک لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند: "وەلید هەنییە جێگری فەرماندەی گرووهانی نۆخبە سەر بە باڵی چەکداریی حەماس و برازای ئیسماعیل هەنییە کە دەستی لە دەیان کردەوەی تێرۆریستیدا هەبوو، کردووەتە ئامانج".

شایانی باسە ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژی دووشممەی ئەم حەفتەیە، چەندین سەکۆی مووشەکیی ئەو گرووپە تێرۆریستییەی سەر بە ڕێژیمی تارانی کردە ئامانج و لەنێوی برد.

لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان ئەمریکا و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیم لە ناوچەکە لەوانە حەماس، حیزبوڵڵا و حووسییەکان چڕتر کردووەتەوە و هەتا ئیستا دەیان بنکە، توونێل، سەکۆی مووشکی، فەرماندەی باڵا و ئەندامی ئەو گرووپانەی کردووەتە ئامانج.