کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: یا دەگەینە ڕێککەوتن یان کارەکە تەواو دەکەین

09:03 - 16 پووشپەڕ 2726

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا هۆشداریی دایە ئێران کە ئەگەر لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە نەگەنە ڕێککەوتن، واشنگتۆن ئامادەیە ژێرخانەکانی ئەو وڵاتە لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا بەتەواوی خاپوور بکات.

ترامپ لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند: "یا دەگەینە ڕێککەوتن یان کارەکە تەواو دەکەین؛ پێم باشترە ڕێککەوتن بکرێت بۆ ئەوەی زیان بە ٩١ میلیۆن خەڵکی ئێران نەگات، بەڵام دەتوانین تۆڕی دابینکردنی وزە و وێستگەکانی کارەبایان پەک بخەین."

ئەم لێدوانانە دوای درێژکردنەوەی ئاگربەستی ٦٠ ڕۆژەی نێوان واشنگتۆن و تاران بۆ دانوستانی ئەتۆمی دێت کە بەو هۆیەوە گەمارۆی دەریایی سەر ئێران لادرا و هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هۆرمۆز دەستیان پێ کردەوە.

ترامپ هاوکات لەگەڵ ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، ڕێبەری کوژراوی کۆماری ئیسلامی، ئاماژەی بەوە کرد کە لە هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا دوو چینی باڵای ڕێبەرایەتیی تاران لەنێو چوون.

ناوبراو وتی: "من بەدوای گۆڕینی ڕژێمدا نەبووم، بەڵام ئەمە ڕووی دا؛ پێدەچێت ڕێژیمی سێیەم ژیرتر بێت."

دوای کوژرانی خامنەیی و فەرماندە باڵاکانی ڕێژیم، مەجلیسی خوبرێگان موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەری نوێ ناساندووە، بەڵام ناوبراو تا ئێستا لە هیچ شوێنێکی گشتی دەرنەکەوتووە.