کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرتەشی ئیسرائیل کوژرانی فەرماندەیەکی باڵای دیکەی حەماسی ڕاگەیاند

09:50 - 16 پووشپەڕ 2726

ئەرتەشی ئیسرائیل لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایگەیاند کە لە هێرشێکی ئاسمانیی دیکەدا بۆ سەر بنکەکانی حەماس لە باکووری غەزە، فادی فەلاح عاشوور دەغمەش، یەکێک لە فەرماندە ڕاهێنەرەکانی حەماسی کردووەتەوە ئامانج.

بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەرتەشی ئیسرائیل، شەوی دووشەممە ١٥ی پووشپەڕ لە هێرشێکی وردی ئاسمانیدا فادی فەلاح کە لەنێو باڵی سەربازیی حەماسدا بەرپرسایەتیی جۆراوجۆر لەوانەش ڕاهێنان و بارهێنانی هێزە چەکدارەکانی حەماسی لەئەستۆ بووە، کوژراوە.

بەپێی زانیارییەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل، ناوبراو لە هێرشی ٧ی ئۆکتۆبری حەماس بۆ سەر باشووری ئیسرائیل کە تێیدا نزیک بە ٧٠٠ کەس لە خەڵکی ئاسایی ئیسرائیل کوژران و زیاتر لە ١٢٠٠ کەسیش بە دیل گیران، ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە.

بەپێی هەمان ڕاگەیەندراو، فادی فەلاح لەم مانگانەی دواییدا هەوڵەکانی بۆ بەهێزکردنەوەی دووبارەی هێزە چەکدارەکانی حەماس خستبووە گەڕ.

ئەرتەشی ئیسرائیل دڵنیایی بە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دا کە هێزەکانیان لەو ناوچانەدا دەمێننەوە و ئامادەی بەرپەرچدانەوەی هەر جۆرە هەڕەشەیەکن.

جێگای ئاماژەیە کە ئەرتەشی ئیسرائیل لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا ئۆپەراسیۆنێکی بەربڵاوی دژی ئەو فەرماندە و بەرپرسانەی حەماس کە دەستیان لە هێرشی ٧ی ئۆکتۆبردا بووە، دەست پێکردووە و هەتا ئێستا پتر لە ٢٠ فەرماندەی باڵای ئەو گرووپە تێرۆریستییەی لەنێو بردووە.