کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەباس عێراقچی: تا هەڕەشەکان بەردەوام بن، دانوستان ناکەین

10:04 - 16 پووشپەڕ 2726

لە دوای ئاڵۆزتربوونی دۆخی گەرووی هۆرمۆز و هەڕەشەی دووبارەی دۆناڵد ترامپ لە کۆماری ئیسلامی، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ڕێژیم ڕایگەیاند؛ هەتا ئەو کاتەی هەڕەشەکان دژی ئێران بەردەوام بێت، دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتننامەی کۆتایی دەست پێ ناکات.

ئەمڕۆ سێشەممە ١٦ی پووشپەڕ، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ڕێژیم ڕوو لە سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند: "لە خاڵی ١٣ی لێکتێگەیشتننامەی نێوان ئەمریکا و ئێراندا بە ڕوونی و ڕاشکاوی باسی ئەو بابەتە کراوە، تکایە پێبەندی بەڵێنییەکانتان بن".

ئەو لێدوانەی عێراقچی لە کاتێکدا بوو کە چەند کاتژمێر پێشتر دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا هەڕەشەی لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کرد کە ئەگەر نەگەنە ڕێککەوتننامەی کۆتایی "کارەکە تەواو دەکەین".

هەروەها محەممەدباقر قاڵیباف، سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم و سەرۆکی تیمی دانوستانکار، ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی پووشپەڕ پێداگریی لەسەر تۆڵەسەندنەوەی خوێنی خامنەیی کردەوە و ڕایگەیاند؛ لەگەڵ ئەمریکا ئاشتییەک لەئارادا نییە.

بە هەمان شێوە، ئەمیر حاتەمی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئەرتەشی ڕێژیم و ئەحمەد وەحیدی فەرماندەی گشتیی سپای تێرۆیستیی پاسداران هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی عەلی خامنەییان لە ئەمریکا و ئیسرائیل کردبوو.

 هەڕەشە پێچەوانەکانی بەرپرسانی ئەمریکا و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی یەک حەوتووی ڕابردوودا پەرەی سەندووە و هەر دوو لایەن هەڕەشەی هێرش و تۆڵەسەندنەوە لە یەکتر دەکەن و ئەگەری دووبارە دەسپێکردنەوەی شەڕ زیاتر لە جاران لە ئارادایە.