ئەندامێکی کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی میللیی ڕێژیم لەبارەی هەوڵە بێ هاوئاهەنگییەکان لە گەرووی هۆرمۆز هۆشداریی دا و ڕایگەیاند بەبێ ئاگادارکردنەوەمان هەر جۆرە جووڵە و هاتوچۆیەک مەحکووم بە شکستە.
ئەمڕۆ سێشەممە ١٦ی پووشپەڕ، عەلائەدین بروجێردی ئەندامی کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی میللیی مەجلیسی ڕێژیم ڕایگەیاند: "گۆڕینی ڕێژیمی دەسەڵاتدار بە سەر گەرووی هۆرمۆز لە بەرزترین ئاستی نیزامدا دیاری کراوە و ئەو بڕیارە بە دڵنیاییەوە جێبەجێ دەکرێت و بڕیاری کۆتاییە".
بروجێردی پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە لە هەوڵی پەسەندکردنی بڕیاری یاسایی پەیوەندیدار بە بەڕێوەبەریی گەرووی هۆرمۆزدان.
ئەو نوێنەرەی مەجلیسی ڕێژیم زیادیشی کرد کە کۆماری ئیسلامی بە تەواوی هێزەوە بەسەر ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەدا زاڵە و هەر جۆرە هەوڵێکی پەیوەندیدار بە گەرووی هۆرمۆز لە چوارچێوەی بەرژەوەندی و ئەمنییەتیی میللی بە ئەرکی خۆمان دەزانین.
شایانی باسە عومان و ڕێژیمی تاران دوو ڕێگەی جیاوازیان بۆ تێپەڕبوونی کەشتیی بازرگانی و نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هۆرمۆز دیاری کردووە و بەرپرسانی ڕێژیم ڕێگەی باشووریی گەرووی هۆرمۆز کە ئەمریکا پشتوانی لێ دەکات بە پێشێلکرانی خاڵەکانی ڕێککەوتننامە لەقەڵەم دەدەن و بە تەواوی دژایەتی دەکەن.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، سپای پاسدارانی ڕێژیم کەشتییەکی نەوتهەڵگری قەتەری لە گەرووی هۆرمۆز کردە ئامانج و زیانی زۆری پێگەیاند.
لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا هەڕەشەیان لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کرد کە ئەگەر لە بەرانبەر هاتوچۆی کەشتییەکانی گەرووی هۆرمۆزدا بەربەست دروست بکەن، بە توندترین شێوە وڵامیان دەدەنەوە.