کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان: ئێژەیی لە دەرکردنی زۆرترین سزای لەسێدارەدان لە چوار دەیەی ڕابردوودا ڕێکۆرددارە

13:47 - 16 پووشپەڕ 2726

کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان لە ١٢٨ـەمین حەفتەی مانگرتن لە خواردنی حەفتانەیاندا و لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا بەنیسبەت دەستنیشاکردنی دووبارەی غوڵامحوسێن موحسێنی‌ئێژەیی وەک سەرۆکی هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیم بۆ ماوەی ٥ ساڵی دیکە لەلایەن موجتەبا خامنەییەوە، دژکردەوەی نیشان دا.

لە بەیایننامەی ڕۆژی سێشەممەی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەداندا هاتووە کە " موحسینی ئێژەیی لە کاتێکدا بە بڕیاری موجتەبا خامنەیی وەک سەرۆکی هێزی دادوەریی ڕێژیم دیاری کراوە، لە چوار دەیەی ڕابردوودا ڕێکۆردی زۆرترین ڕێژەی دەرکردنی سزای لەسێدارەدانی دژ بە بەندکراوان تۆمار کردووە".

لەو بەیاننامەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە "ئێژەیی کارنامەی سەرانسەریی پێشێلکاریی مافی مرۆیی هەیە".

هەروەها نووسەرانی ئەو بەیاننامەیە نووسیویانە: "ئەم کەمپەینە لە بەرەبەری ١٨ی پووشپەڕ، ساڵڕۆژی گیانلەدەستدانی خوێندکارانی ١٨ی پووشپەڕی ١٣٧٨، کە دەسەڵاتدارانی تاران ناڕەزایەتیی خویندکارانیان بە توندترین شێوە سەرکوت کرد و "کووی دانشگا"یان کردە قەتڵگا، یادی ئەو خوێندکارانەی ڕێگای ئازادی و یەکسانی بەرز ڕادەگرین".

لەو بەیاننامەدا نووسراوە کە "دووبارە حکوومەتی نایاسایی ویلایەتی فەقێ بۆ چەند بەندکراوێکی سیاسی و بەندکراوانی دیکە سزای لەسێدارەدانی دەرکردووە".

بەندکراوانی ئەندام لەو کەمپەینە پێداگرییان لەسەر ئەوە کردەوە کە سزای لەسێدارەدان لە پشت دەرگا داخراوەکان و لەژێر ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەییدا و لە ژووری لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەوە دەردەکرێت نەک لە ڕەوتی پێڕاگەیشتنێکی دادپەروەرانە.

لە کۆتایی ئەو بەیاننامەیەدا داوا لە کۆمەڵگەی جیهانی کراوە کە بەنیسبەت کارەساتی مرۆیی لە بەندیخانەکانی ئێران دژکردەوە نیشان بدەن و بۆ ڕاگرتنی خێرای لەسێدارەدان و لەبەرچاوگرتنی دادپەروەرانەی ڕەوتی دۆسییەکان گوشار بخرێتە سەر ڕێژیمی گیانئەستێنی کۆماری ئیسلامی.