کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ ئەندامێکی پارلەمانی کانادا کۆ بووەوە

10:10 - 10 پووشپەڕ 2726

سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ٣٠ی مانگی شەشی ٢٠٢٦ی زایینی، هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پێکهاتوو لە هاوڕێ ئیسماعیل ئیبراهیمی، نوێنەری حیزب لە کانادا و خاتوو بەیان کوردفەرشی، ئەندامی تیمی پەیوەندییەکان، لە شاری "وایت ڕاک" لەگەڵ بەڕێز "ئێرنی کڵاسن"، ئەندامی پارڵەمانی کانادا، دیداریان کرد.
لە سەرەتای دیدارەکەدا، بەڕێز کڵاسن بە گەرمی پێشوازیی لە هەیئەتی حیزب کرد و جەختی لەسەر گرنگیی وردبوونەوە لە بابەتە پەیوەندیدارەکان بە مافی مرۆڤ، ئاسایشی ناوچەیی و دۆخی کۆمەڵگە پەنابەرییەکان کردەوە.
لە ماوەی دیدارەکەدا، هەیئەتی حیزب باسێکی ورد و تەواویان لەسەر دوایین پێشهاتە سیاسی و ئاسایشییەکان لە ئێران و کوردستان، بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێشکەشی بەڕێزیان کرد. هەروەها هێرشە تێرۆریستییە بەردەوامەکانی ڕێژیمی ئێران دژ بە بنکە و بارەگاکانی حیزب و هێزە سیاسییە کوردستانییەکان و دۆخی نالەبار و مەترسیداری کەمپی پەنابەران و بنەماڵە ئاوارەکان، بەوردی خرایە بەرباس.
هەیئەتی حیزب ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هێرشانە بەشێک لە سیاسەتی بەردەوامی ڕێژیمی ئێران بۆ سەرکوتکردنی دەنگی ئازادی و بزووتنەوە دیموکراتییەکان و تێکدانی هێمنی لە ناوچەدان و داوای کرد کە پارلەمانی کانادا ئەم باسە بخاتە ڕۆژەڤ و هەوڵ بدات ئەو پرسە ببێتە بابەتێکی نێودەوڵەتی و هەڵوێستێکی جددیتر و بەرپرسیارانەتر سەبارەت بەم باسە بگرن.
بەڕێز ئێرنی کڵاسن بە گرنگییەوە گوێی لەو بابەتانە گرت و دەریبڕی کە دۆخی گەلی کورد و مەینەتیی بنەماڵە زیانلێکەوتوو و ئاوارەکان جێی بایەخ و نیگەرانییە، هەروەها بەڵێنی دا کە لە یەکەم دەرفەتدا ئەو بابەتانە لەگەڵ وەزیری کاروباری دەرەوەی کانادا بخاتە بەرباس و هەوڵ بۆ گەیاندنی دەنگی گەلی کورد و مەترسییەکانیان بە دەسەڵاتدارانی کانادا بدات.
لە بەشێکی تری دیدارەکەدا، باس لە چاوەڕوانی و ویست و داخوازییەکانی هاوڵاتییانی کوردی کانادا و هاوکاریی بەرپرسانی فێدراڵ و هەرێم بۆ ماڵی کورد بە مەبەستی خزمەتی هاوڵاتییان بەتایبەت ژنان و منداڵەکان کرا.

 هەروەها باس لە هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ هەڕەشەکردن و ژێر چاودێری خستنی چالاکوانانی کورد لە دەرەوەی وڵات، بە تایبەتی لە کانادا کرا. هەیئەتی حیزب داوای لە بەڕێزیان کرد کە داوا لە دەسەڵاتدارانی کانادا بکات بۆ پاراستنی ئاسایش و مافی هاوڵاتییانی کورد هەنگاوی پێویست هەڵگرن.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، هەردوو لا جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی گفتوگۆ و پەیوەندیی هاوبەش کردەوە و ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاریی زیاتر لەسەر بابەتە هاوبەشەکان دەربڕی.