مارک ڕوتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ، لە ئانکارا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی لە پاڵ ڕووسیە، چین و کۆرەی باکووردا، بەشێکە لەو هەڕەشانەی پێویستیان بە ڕووبەڕووبوونەوەی خێراتری ناتۆ هەیە.
ڕوتە ئاماژەی بەوە کرد هەرچەندە کردەوەی ئەمریکا بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکیی تارانی بەشێوەیەکی بەرچاو لاواز کردووە، بەڵام ناتۆ نابێت خافڵ بێت و دەبێت هەمیشە هوشیار بمێنێتەوە. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی ڕۆژاوا بۆ کۆنترۆڵکردنی تاران و پاراستنی ئەمنییەتی گەرووی هۆرمۆز.
ئەمنییەتی ئەم گەرووە بووەتە بابەتێکی گرنگی ناتۆ؛ بڕیارە وەزیرانی دەرەوەی ئەو هاوپەیمانییە لەگەڵ وڵاتانی کەنداو سەبارەت بە بنبەستی نەکرانەوەی هۆرمۆز و پێشنیاری فەڕانسە و بریتانیا بۆ نێردەیەکی دەریایی گفتوگۆ بکەن.
ئەوە لەکاتێکدایە کە پێشتر دۆناڵد ترامپ ڕەخنەی لە ساردبوونی هاوپەیمانان بۆ بەشداری لە کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز گرتبوو.
ڕووتە هۆشداری دا کە ڕووسیە نیوەی بودجەکەی بۆ شەڕ تەرخان دەکات و چین و کۆرەی باکووریش هاوکارییەکانیان زیاتر کردووە.
ناوبراو داوای "شۆڕشێکی پیشەسازیی بەرگریی" بۆ بەهێزکردنی پاشکۆی سەربازیی ناتۆ لە سیستەمی بەرگری ئاسمانییەوە تا دڕۆن و تەقەمەنی کرد ، بۆ ئەوەی هاوپەیمانێتییەکە بتوانێت بەرپەرچی هەڕەشەکانی تاران و مۆسکۆ بداتەوە.