ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ڕۆژی سێشەممە ١٦ی پووشپەڕ، بە ئاماژەدان بە تێپەڕبوونی شەش مانگ بەسەر خۆپیشاندانەکانی بەفرانباردا کە تێیدا هەزاران کەس بە دەستی هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی کوژران، ڕایگەیاند کە نەبوونی دادپەروەریی نێودەوڵەتی، مەترسیی دووبارەبوونەوەی تاوانی قورس لە ئێران زیاد دەکات.
دیانا تەحاوی، جێگری بەڕێوەبەری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا لەم ڕێکخراوەدا، ڕایگەیاند کە بێدەنگیی جیهان لە ئاست ئەم سەرکوتە، ڕێگەی بۆ دەسەڵاتدارانی تاران خۆشتر کردووە کە لە هەڕەشەی کوشتاری زیاتری نەیارانیان بەردەوام بن.
ئەو جەختی کردەوە کە نابێت تاوانەکانی ڕێژیم دژی خۆپیشاندەران، بەهۆی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئێستا و فۆکۆس لەسەر ڕێککەوتنی نێوان واشنگتۆن و تاران بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، پەراوێز بخرێن.
ئەم ناڕەزایەتییانەی ساڵی ڕابردوو بەهۆی داڕمانی بەهای تمەن و هەڵاوسان لە تارانەوە دەستی پێکرد و بە خێرایی سەرانسەری ئێرانی گرتەوە.
هێزە ئەمنییەتییەکان بە بڕینی ئینتێرنێت و تەقەی ڕاستەوخۆ وڵامی خۆپیشاندەرانیان دایەوە، بە شێوەیەک کە تەنیا لە دوو ڕۆژدا (١٨ و ١٩ی بەفرانبار) هەزاران کەس کوژران.
شۆرای باڵای ئەمنییەتی میللی ڕێژیم ژمارەی کوژراوانی ٣ هەزار و ١١٧ کەس ڕاگەیاند، بەڵام ڕاپۆرتنێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لە کوژرانی پتر لە ٥ هەزار کەس کرد.
لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێت دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ٩ی ڕەشەمەدا، سەرکوتکردنی نەیاران لەژێر ناوی "بارودۆخی شەڕ" قورستر بووە و لانیکەم ٤٤ کەس بە هۆکاری سیاسی لە سێدارە دراون.
ڕێکخراوەکە ڕەخنەی لە یادداشتنامەی ٢٨ی جۆزەردانی نێوان ئەمریکا و ئێران گرت کە پرسی مافی مرۆڤی پشتگوێ خستووە و داوای کرد دۆسییەی ئێران ڕادەستی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بکرێت.