وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لەبارەی هێرشی ئەمڕۆی سپای پاسداران بۆ سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری وڵاتەکەی کاردانەی توندی نیشان دا و ڕایگەیاند؛ ئەو کردەوەی ئێران قەبووڵ ناکەین.
ئەمڕۆ سێشەممە ١٦ی پووشپەڕ، ماجی ئەلئەنساری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕایگەیاند: "بەئامانجگرتنی نەوتهەڵگری قەتەر لە نزیک گەرووی هۆرمۆز، هێرشە بۆ سەر ئەمنییەتی کەشتیوانی نێونەتەوەیی و دابینکردنی وزەی جیهانی".
ماجد ئەلئەنساری ئەو هێرشەی سپای تێرۆریستی پاسدارانی بە پێشێلکردنی ڕوونی یاسای نێونەتەوەیی لەقەڵەم دا و داوای لە ڕێژیمی تاران کرد کە بەخێرایی ئەو هەوڵانە ڕابگرێت کە ئەمنییەتی ناوچەکە و ناوی دەریایی دەخاتە مەترسییەوە.
ناوبراو باسی لەوەش کرد کە کاربەدەستانی تاران تەواوی بەرپرسایەتیی یاسایی ئەو هێرشە و هەر جۆرە زیان یان پێشهاتەکانی دیکەی ئەو کردەوەیە دەبێت قەبووڵ بکات.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە سپای تێرۆریستیی پاسداران دوو نەوتهەڵگری عەرەبستان و قەتەری لە ڕێگەی دوو مووشەکەوە کردە ئامانج و زیانی زۆری پێ گەیاندن.
دەنگوڕەنگی ڕێژیم دوابەدوای ئەو هێرشە ڕایگەیاند کە سپای پاسداران دوو کەشتیی لە گەرووی هۆرمۆز کردووەتە ئامانج کە بە وتەی خۆیان بە شێوەی نایاسایی و بەبێ هاواهەنگی، سنووری ئاویی ئێرانیان بڕیوە.
هەروەها ئەمڕۆ ئەندامێکی کۆمسیۆنی ئەمنییەتی میللیی ڕێژیم لەبارەی هەوڵە بێ هاواهەنگییەکان لە گەرووی هۆرمۆز هۆشداریی دا و ڕایگەیاند؛ بەبێ ئاگادارکردنەوەمان هەر جۆرە جووڵە و هاتوچۆیەک مەحکووم بە شکستە.