سکرتێری گشتیی شۆرای هاوکاریی کەنداو هێرشی ڕۆژی سێشەممەی ١٦ی پووشپەڕی سپای تێرۆریستیی پاسداران بۆ سەر کەشتیی نەوتهەڵگری "ئەلڕۆکیاتـ"ـی قەتەری مەحکووم کرد.
جاسم محەممەد ئەلبەدیوی، سکرتێری گشتیی شۆرای هاوکاریی کەنداو، ڕۆژی سێشەممە بەیاننامەیەکی بڵاو کردوە و ڕایگەیاند" هێرشی کۆماری ئیسلامی و خستنە مەترسیی ژیانی خەدەمەی کەشتییەکەی قەتەر بەتوندی مەحکووم دەکەین و ئەو کردەوە بە مەترسی بۆ سەر ئەمنییەت و سەقامگیریی ناوچەکە دەزانین".
ئەلبەدیوی داوای لە کۆمەڵگەی جیهانی کرد کە بەرپرسایەتیی خۆیان لەوبارەوە بگرنە ئەستۆ و لە بەرانبەر هێرشی بەردەوامی کۆماری ئیسلامیدا هەڵوێستێکی لێبڕاوانە بگرنەبەر هەتا ئەمنییەت و ئاشتیی ناوچەیی و نێونەتەوەیی پارێزراو بێت و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی وەها هێرشێکی دوژمنکارانەی سپای پاسداران بکەن.
سکرتێری گشتیی شۆرای هاوکاریی کەنداو هەروەها پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە لەپاڵ قەتەردا ڕاوەستاون و پشتیوانی لە هەموو هەوڵەکانی ئەو وڵاتە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی "هێرشی لەناکاوی کۆماری ئیسلامی" دەکەن.
واڵ ستریت ژۆرناڵ، سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ١٦ی پووشپەڕ لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی کەشتییەکی نەوتهەڵگری قەتەر کە هەڵگری گازی سرووشتی بووە، و کەشتییەکی دیکەشی بە دوو مووشەک کردوونەتە ئامانج.