کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

موجتەبا خامنەیی ماوەی سەرۆکایەتیی غوڵامحوسێن موحسینی ئێژەیی درێژ ناکاتەوە

13:27 - 10 پووشپەڕ 2726

دوابەدوای شەڕ و ململانێ نێوخۆییەکانی نێو دەسەڵاتی ڕێژیمی تاران، موجتەبا خامنەیی ڕێبەری نوێی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بڕیاری داوە ماوەی ٥ ساڵەی سەرۆکایەتیی غوڵامحوسێن موحسێنی ئێژەیی سەرۆکی هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیم درێژ نەکاتەوە.

بەپێی چەند سەرچاوەی ئاگادار لە دۆخی نێوخویی ڕێژیم، ئەو ئاڵوگۆڕانەی نێو بازنەی دەسەڵاتی سەرانی ڕێژیم لەلایەن موجتەبا خامنەییەوە نەک بۆ پێداچوونەوە بە یاسای هێزی دادوەری، بەڵکوو بۆ هێنانە سەرکاری کەسانی نزیک لە خۆیەتی و ناوبراو دەیهەوێت بۆ بەڕێوەبەریی ڕێژیم کەسانی باوەڕپێکراو و هاواهەنگتر لەگەڵ خۆی دەسنیشان بکات.

بەپێی زانیارییەکان، موجتەبا خامنەیی وەها هەوڵێکی لەو چەشنەی لە دامودەزگا ئەمنییەتی و سیاسییەکانی دیکەی ڕێژیمدا دەست پێ کردووە.

بێ متمانەیی و ناکۆکیی نێو باڵەکانی ڕێژیم بە شێوەیەکی بەرچاو زەق بووەتەوە و ئەو ئاڵوگۆڕانە دەرخەری سەرلێشێواوی و داڕمانی دەسەڵاتی کاربەدەستانی باڵای ڕێژیمەوە.

بەپێی نەریت ماوەی دەسەڵاتداریی سەرۆکی هێزی دادوەریی ڕێژیم ٥ ساڵە و ئەو ماوەیە لەلایەن ڕێبەریی ڕێژیمەوە درێژ دەکرێتەوە.