کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی شەپۆلی مەحکوومکردنی هێرشی سپای پاسداران بۆ سەر کەشتییەکان لە گەرووی هۆرمۆز

09:38 - 17 پووشپەڕ 2726

دوابەدوای هێرشی سپای تێرۆریستی پاسداران بۆ سەر دوو کەشتیی نەوتهەڵگر لە گەرووی هۆرمۆز، عەرەبستان هێرشی دوێنی سێشەممە ١٦ پووشپەڕی سپای پاسداران بۆ سەر کەشتی نەوتهەڵگری "ودیانـ"ـی وڵاتەکەی بە توندی مەحکووم کرد.     

ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی پووشپەڕ، عەرەبستانی سعوودی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە هێرشی مووشەکیی سپای پاسداران دژی نەوتکێشەکانی عەرەبستان و قەتەر، دەستدرێژییە بۆ سەر دابینکردنی وزە و بەتوندی ئەو کردەوە مەحکووم دەکەین.

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات ئەو هێرشەی ڕێژیمی تارانی بە "دەستدرێژیکارانە" زانی و بەتوندی مەحکوومی کرد و ڕایگەیاند: "ئەو هێرشە بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی گەرووی هۆرمۆز هەڕەشەی جیددی بۆ سەر ئەمنییەتی کەشتیوانیی نێونەتەوەییە و بەتوندی مەحکوومی دەکەین".

لە بەیاننامەی ئیماراتدا هاتووە کە ئەو جۆرە کردەوانە گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە بە شێوەی مەترسیدار زیاد دەکات و ئەمنییەت و سەقامگیریی یەکێک لە گرنگترین ڕێگەئاوییەکانی جیهان دەکاتە ئامانج.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی سووریە لە بەیاننامەیەکدا هێرشی ڕێژیمی تاران بۆ سەر نەوتکێشەکانی عەرەبستان و قەتەری لە گەرووی هۆرمۆز بە توندترین شێوە مەحکووم کرد و ئەو کردەوەی بە هەوڵی "دەستدرێژیکارانە و ناپەسەند" لەقەڵەم دا و ڕایگەیاند: "ئەو جۆرە کردەوانە هەڕەشە دژی ئەمنییەت و سەقامگیریی ناوچەکەن".

لەو بەیاننامەدا داوا لە کۆمەڵگەی جیهانی کراوە کە بە هەوڵێکی جیددی و لێبڕاوانە، لە پاراستنی ئەمنییەت و سەقامگیریی ناوچەکە و ڕێگەئاوییە نێونەتەوەییە دەریاییەکاندا ڕۆڵیان هەبێت.

لەو پێوەندییەدا، وەزارەتی دەرەوەی بەحرەینیش ئەو هێرشەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی بە "تێرۆریستی" لەقەڵەم دا و بە توندی مەحکوومی کرد.