کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵگەی بەهایی کاردانەوەی بە گوشارەکان دژی ئەم کەمینەیە نیشان دا

10:02 - 17 پووشپەڕ 2726

کۆمەڵگەی بەهایی ئێران کاردانەوەی بە گوشارەکان بۆ سەر بەندکراوانی سەر بەم کەمینەیە لە بەندیخانەکانی ئێراندا نیشان دا.

کۆمەڵگەی بەهایی بە دەرکردنی بەیاننامەیەک، دۆخی بەندکراوانی بەهایی لە بەندیخانەکانی ئێرانی بە نموونەیەک لە بەردەوامیی گوشارە ڕێکخراوەکان دژی کەمینە ئایینییەکان ناو برد و خوازیاری ئازادیی خێرای ئەم بەندکراوانە بوو.

لەم بەیاننامەیەدا ئاماژە بە دۆخی پژمان زارع هاووڵاتیی بەهایی کراوە کە لە بەندیخانەی شیێرازدا ڕاگیراوە.

ناوبراو بەبۆنەی یەکەمین جێژنی لەدایکبوونی منداڵەکەی نامەیەکی نووسیوە و تێیدا باسی لە دووری زۆرەملێ لە بنەماڵەکەی کردووە.

سیمین فەهەندژ، نوێنەری کۆمەڵگەی بەهاییەکان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەمبارەوە وتی: ئەم نامەیە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر ویژدانی مرۆڤی دادپەروەر دەبێ.

ناوبراو لە درێژەدا ڕایگەیاند: پژمان زارع وەبیرهێنەرەوەی ئەم هەقیقەتەیە کە بەهاییەکان لە ئێراندا خەریکی شەڕ و بەرەوڕووبوونەوە نین، ئەوان دەیانەوێ بەشدار و هاوپشک بن. خوازیاری جیایی نین و یەکگرتووییان دەوێ، ئێمتیازێکی تایبەتیان ناوێ، تەنیا داوای دەرفەت بۆ خزمەت بە گەشەی وڵاتەکەیان دەکەن.

کۆمەڵگەی بەهایی لە کۆتاییدا، ئاماژەی بە دۆسییەکان کرد و ڕایگەیاند کە دەسبەسەکردن و بەندکردنی هاووڵاتییانی بەهایی لە شارە جیاوازەکانی ئێران هیشتا بەردەوامە.

کۆمەڵگەی بەهایی داوای لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کردووە کە هەموو ئەو بەهاییانە بەبێ نەرج و دەبەجێ ئازاد بکات کە تەنیا بە هۆی باوەڕە ئایینییەکانیانەوە دەسبەسەر کراون.

هەروەها داوای کردووە کە کۆتایی بە کەڵکوەرگرتن لە ژووری تاکەکەسی، گوشار، هەڕەشە، ئەشکەنجە و وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەم کەسانە بهێنێت.